د. هەڤاڵ محەممەد، پزیشکی شارەزایی گشتی
زۆر جار تووشی حاڵەتەکانی برینی ناو دەم دەبین و ئازارێکی زۆریشی هەیە، ئەم حاڵەتە نەک تەنیا گەورەکان بەڵکوو منداڵەکانیش دەگرێتەوە.
د. هەڤاڵ محەممەد، پزیشکی شارەزایی گشتی، لە بابەتێکی تەندروستیدا باسی هۆکار و نیشانەکانی دەکات و هەروەها چارەسەرییەکانی دەخاتە ڕوو”برینی ناو دەم، حاڵەتێکی باوە کە تێدا برینێک یان چەند برینێک لە ناو دەم، پووک و زمان دروست دەبێت بەڵام ناگاتە لێوەکان، زۆربەی کات برینی ناو دەم مەترسی نییە و لە ماوەی ٧-١٠ ڕۆژدا بۆ خۆی چاک دەبێتەوە بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت نیشانە بێ بۆ هەندێک نەخۆشی تر.
هۆکارەکان:
– بریندار بوونی ناو دەم لە ڕێگەی گاز گرتن، کەوتن، لە کاتی ئیش و کاری پزیشکی ددان.
– کەمی ماددەی ئاسن، زینک و ڤیتامین b12.
– هەوکردنی ناو دەم بەهۆی هەندێک جۆر بەکتریاوە.
– سترێس و قەلەقی.
– گۆڕانکاری هۆڕمۆنات.
* نیشانەکانی چین؟
– دروست بوونی پەڵەیەکی بچووکی سپی لە ناو دەم، پوک یان زمان کە چواردەوری سور دەبێتەوە.
– ئازار لە شوێنی پەڵە برینەکە.
– هەندێک جار هەست بە سووتانەوە و ئازار دەکرێت ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ پێش ئەوەی پەڵەکان دەربکەون.
* کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەین؟
– ئەگەر برینەکە زۆر گەورە بوو.
– ئەگەر لە ماوەی دوو هەفتە چاک نەبووەوە.
– زوو زوو بەشێوەی دووبارە برین لەناو دەم دروست بوو.
– کاتێک برینی تازە دروست دەبێت پێش ئەوەی برینە کۆنەکان چاک ببنەوە.
– هەر کات (تا)ی لەگەڵ بوو.
– ئەگەر کاریگەری کردە سەر خواردن و خواردنەوە.
– ئەگەر برینەکە گەیشتە لێوەکان.
*چارەسەر و ڕێگرییەکان:
– دوور کەوتنەوە لە خواردنی گەرم و توند و تیژ.
– پاک و خاوێن ڕاگرتنی دەم و ددان.
– کەم کردنەوەی قەلەقی و سترێس.
– گرنگیدان بە خواردنی تەندروست و پاک و خاوێن.
– هەندێک دەرمان لە شێوەی(کرێم،جێڵ،گیراوە) کە لەلایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێن و یارمەتی زوو چاک بوونەوەی برینەکە دەدەن.