زاری كرمانجی- مێرگەسۆر:
سەفەری سوار، سەرۆكی شارەوانی مێرگەسۆر و بەرپرسی بنكەی گەشتوگوزاری مێرگەسۆر بە وەكالەت، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: هاوین هەواری زرارا ساڵانە لە وەرزی هاوین گەشتیارێكی زۆر لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بۆ خۆ فێكردنەوە و مەلەكردن و بەسەربردنی كاتێكی خۆش ڕووی تێ دەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە هەندێك لە گەشتیار و سەردانیكەران ژینگەی ناوچەكە ناپارێزن و پاشماوەكانی خۆیان لە جیاتی ئەوەی كۆبكەنەوە و لەگەڵ خۆیان ببەن و لە شوێنی مەبەست فڕێ بدەن، هەر لەو شوێنە فڕێ دەدەن، ئەوەش نیگەرانی ئێمەی لێكەوتۆتەوە.
سەفەری سوار، دەشڵێ: ئەوە جاری دووەمە دەوروبەری ڕووباری زرارا لە پاشماوەی گەشتیاران پاك دەكەینەوە، ئەو جۆرە هەڵمەتانەش بەردەوام دەبن، داواش لە گەشتیاران و سەردانیكەران دەكەین شوێنەكە بە هی خۆیان بزانن و پاشماوەكانی خۆیان فڕێ نەدەنە ناو ڕووبار و دەوروبەر، بەڵكو كۆ بكەنەوە و لە شوێنی مەبەست فڕێ بدەن، بۆ ئەوەی ژینگەی ناوچەكە هەر وا بە خاوێنی بمێنێتەوە.