پشتیوان كەریم- سۆران:
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران بەوەكالەت، بە زاری كرمانجی راگەیاند: بۆ زیادكردنی خانووی پلاستیكی ئەوەی پێمان كراوە كردوومانە لەو خولانەی كراونەتەوە، هەتا لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ جووتیاران ڕێنماییمان پێداوە كە خانووی پلاستیكی سوودی زۆرە، بۆیە ئاسانكاری تەواومان خستۆتە بەردەستیان.
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران بەوەكالەت، گوتیشی: ئاو و هەوای سۆران زۆربەی كاتەكان فێنكە، خانووە پلاستیكەكان پێویستییان بە ئاو و هەوای دەستكرد هەیە، بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیای ناوچەكە رووبەری زۆر گەورە و فراوانمان نییە بۆ كشتوكاڵ كردن، چونكە ناوچەكە زیاتر شاخاویی و گەشتیارییە، بۆیە پێویستمان بەوەیە گرنگی بە خانووی پلاستیكی بدرێت.
نەبەز رەفعەت، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران بەوەكالەت، ئەوەشی خستەڕوو: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەنیا 11خانووی پلاستیكی تۆمار كراون، كە دە دانەیان كەوتوونەتە قەزای مێرگەسۆر و یەك دانەش لە سنووری قەزای ناوەندی سۆرانە.