مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی هاتنە دەرەوەی تیمساحەکان لە ژێر زەوی، ترسی خستووەتە دڵی بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە و داواکارن لە کاربەدەستانی حکومەت بە زوویی بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە بکەن.
ڤیدیۆی هاتنە دەرەوەی دوو تیمساحی زەبەڵاح لە ژێر زەوی، بە خێرای لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتی ئەندۆنیسیا بڵاو بووەوە و هاووڵاتییان داواکارن لە حکومەت لە هۆکارەکانی پاڵ هاتنە دەرەوەی تیمساحەکان لە ژێر زەوی بکۆڵێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوە دووبارە نەبێتەوە.
دوو تیمساحی گەورە لە ڕێگەی ئاوەڕۆی ناوچەکە کە بە چیمەنتۆ دروستکراوە دزەیان کردووە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان و لەوێ هاتوونەتە دەرەوە.
ئەگەرچی تیمساحەکان لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری و دەسەڵاتە خۆجێیەکان بە خێرایی قۆڵبەستکران و لە ناوچەکە دوورخرانەوە، بەڵام دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە و شەوان چاودێری ئاوەڕۆکان دەکەن لە ترسی دووبارە هاتنە دەرەوەی تیمساحی زیاتر .