شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت” بۆ ئەوەی پێستتان پارێزراو بێت خۆتان لە تیشكی خۆر بپارێزن، هەروەها لە كاتی چوونە دەرەوەش بەردەوام دژە خۆر بەكاربێنن.
د. رزگار عزەت خان، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری، بە زاری كرمانجی راگەیاند” بۆ پارێزگاری كردنی پێست لە وەرزی هاوینان باشتر وایە دووربكەویتەوە لە تیشكی خۆر، تایبەت لە كاتژمێر 10ی بەیانی تا 4ی ئێوارە، چونكە تیشكی خۆر لەم كاتانەدا زۆر بەهێزە و زیان بە پێست دەگەیەنێت، ئەگەر لەم كاتانەشدا دەرچوونتان هەبوو پێویستە دوو كاتژمێر جارێك دژە خۆر بەكاربێنن، شەوقە لەسەر بنێن و چاویلكەش لەچاو بكەن، هەروەها گرنگییەكی زۆر بەو خواردنانە بدەن كە كاریگەری كەمكردنەوەی گەرمایان هەیە، لەوانە چەرەسات بەگشتی تایبەت بادەم، تەماتە، گیلاس، كاهۆ، گندۆرە و خواردنەوەی چای سەوزیش، هەموو ئەمانە گەرمی و زیانەكانی لەسەر پێست كەمدەكەنەوە.
ئاشكراشی كرد” ئەو كەسانەی دەچنە دەرەوە و دژەخۆر بەكاردەهێنن، دوای گەڕانەوە روخساریان بە ئاو و سابوونێكی بێ بۆن بشوون دواتر شێداركەرەوە بەكاربهێنن، هەروەها خۆیان دووربخەنەوە لە(غسول) دەرمانەكانی پاككەرەوەی روخسار، تایبەت لە وەرزی هاوینان زۆر زیانبەخشن، جگە لەمانەش گرنگییەكی زۆر بە خواردنەوەی ئاو بدەن بەڵام بەشێوەی زێدەڕەوی نەبێت، لەگەڵ خواردنی چەرەس چونكە وا دەكات ئەو ئاوەی بەهۆی ئارەقكردنەوە دەری دەدات قەرەبۆ بكرێتەوە.