زاری کرمانجی – سۆران :
بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی ئەمەریکی، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردووی ئەمساڵ، زیاتر لە 80 شوێنی هەرێمی کوردستان لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردوومانکراوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی (CPT) ڕایگەیاند : “تورکیا تەنیا لەم ساڵدا 82 شوێنی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە کە بەو هۆیەوە هەشت هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە و سێیانی تریش برینداربوون.”
کامەران لەبارەی قوربانییەکانەوە دەڵێت :”لەو هەشت کەسەی کوژراون، چواریان لە پارێزگای دهۆک و چوارەکەی تریشیان لە سلێمانی بوون، ئەو سێ کەسەی برینداریش بوون، دوو لە پارێزگای دهۆک و یەکێکیان لە پارێزگای سلێمانی بوون.”
ئەندامەکەی CPT ئاماری زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ : “لە ساڵی 2015 ەوە تا ئێستا، 147 کەس لە هێرش و بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا کوژراون و 219 کەسی تریش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی 158 گوند چۆڵکراون و 600 گوندیش مەترسی چۆڵکردنیان لەسەرە.”
تورکیا بە بیانووی بوونی هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستان و بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و گوند و ئاوایییەکان بۆردوومان دەکات و لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەش بەشێک لە هاووڵاتییانی مەدەنی بوونەتە قوربانی .