محەممەد مەحموود- رواندز:
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاوین، نەک بەتەنها بۆ مرۆڤ تاقەت پروکێنە، بەڵکو بۆ بەروبوومی جووتیاران و باخچەکانیش زیانی هەیە، بەجۆرێک خاوەن نەمامگەیەک دەڵێت ” گەرمی زۆر کار لە تام و چێژی بەری دارە بەردارەکان دەکات “.
تەحسین برایم، خاوەنی نەمامگەیە لە گوندی ئاکۆیانی قەزای رواندزو چەند ساڵێکە کاری باخداری دەکات و بەجووتیارە نموونەیەکەی رواندز ناوی دەهێنن، تەحسین باسی کاریگەریەکانی گەرما دەکات لەسەر بەربوومی باخچەکان و بۆ زاری کرمانجی گوتی” گەرمای هاوین و ئەو چەند رۆژە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر داری بەردار بە تایبەتی (هەنجیر)، چونکە ئەو دارە بەردارە پێویستی بە ئاوی زیاترە، گەرمی زۆر کاریگەری لەسەر تام و چێژی بەرهەمەکەی دەکات “.
ئەو خاوەن نەمامگەیە باسی لەوەشکرد” گەرمی زۆر لە لایەک و زیاد ئاودانی لە پێویستیش کار لە تام و چێژی بەری دارەکان دەکات، بۆیە دەبێت کاتی ئاودان رێک بخرێت بەتایبەتی لە ١٥-٧ تاکو ١٥-٩ لەبەر بەرزی پلەکانی گەرمی و کاتی ئاودانیش دەبێت لە ئێواران و شەوان بێت، چونکە بەرۆژ ئەو خاکە زۆر گەرم دەبێت کاتێک گەرمی و ساردی بەریەک دەکەون بەرکەوتن دروست دەبێت ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە دەبێت ئاودان لە ئێواران و شەوان بێت”.
تەحسین برایم ، باسی لەوەشکرد” گرنگە بۆ پاراستنی دارو بارەکان لە گەرمی هاوین توول بەکاربێت بۆ داپۆشینیان، بەڵام بۆ زۆربەی خەڵک دەکرێت ئەوە کارێکی ئاسان نەبێت، ئەو دارانەی زیاتر بەرگەی بێ ئاوی دەگرن داری فستەقە، وەک ئەو جووتیارە دەڵێت”دار فستەق بۆ کەش و هەوای کودستان زۆر گونجاوە و بەرگەی کەم ئاوی دەگرێت”.
تەحسین برایم، لە کۆتایی قسەکانی گوتی” لەناو باخەکەم چەندەها جۆری داری بەردارم چاندوونە و هەنجیر یەکێکە لەوانەی پێویستی بە ئاوی زیاتر هەیە و نزیکەی ٨٠ جۆر داری هەنجیرم چاندووە، گەر بێت و باخەوان و جووتیاران شارەزایەکی سەرەتاییان نەبێت لەسەر کاری باخداری و ئاودان بەری رەز و باخەکانیان وەک پێویست نابێ.