مەهدی محەممەد – ڕواندز :
ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕواندز، لە ئاگادارییەکدا بانگهێشتی یاریزانانی تێنسی سەر زەوی دەکات، بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانيیەتی کراوەی تێنسی سەر زەوی لەسەر ئاستی کوردستان بکەن لە قەزای ڕواندز.
لە ئاگادارییەکی ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕواندز هاتووە :”ناوەندەکەمان هەڵدەستێت بە کردنەوەی پاڵەوانیەتی کراوەی تێنسی سەر زەوی لەسەر ئاستی کوردستان بۆ یاریزانە پێشکەوتووەکانی کوڕان بۆ تەمەنی (16ساڵ ) بەرەو سەرەوە،”
پاڵەوانییەتی تێنسی سەر زەوی لەژێر چاودێری (هەڵگۆرد شێخ نەجیب) سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوە دەچێت و ماوەی 3 ڕۆژ دەخایەنێت لە ڕێکەوتی 24\8\2023 تا27\8\2023 .
شەهید سەباح ڕاهێنەر و بەڕێوەبەری پاڵەوانێتییەکە لە واڵەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسيوویەتی : “ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی پاڵەوانێتییەكه تەواو بووە و لە ئێستادا خەریکی تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکانین تا ڕێکەوتی 20 ی ئاب، دەرفەت لە بەرامبەر یاریزانانی ئەو یارییە هەیە لەسەر ئاستی کوردستان، ئەوانەی تەمەنیان لە 16 ساڵ بەرەو سەرەوەیە دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن و بەشدار ببن لەو پاڵەوانێتییە، لە ڕێگەی ئەم دوو ژمارەیەوە ( 07504073422 ) و (07824904091 ) .”
هەر وەکوو شەهید باسی دەکات، شوێنی مانەوە بۆ یاریزانانی میوان دابین کراوە و خەڵاتی یەکەم و دووەمی پاڵەوانێتییەکەش ماددی و مەعنەوەیە.
ڕواندز لە ماوەی نزیکەی مانگێک ئەمە دووەمین پاڵەوانێتیی وەرزشی یە کە باوەش بۆ یاریزانانی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، پێشتر خولی پێبۆ سپۆرت بۆ تۆپی پێ بە بەشداری کردنی ٥۷ تیپی نایابی کوردستان لە شاری ڕواندز بەڕێوەچوو.