زاری كرمانجی-سۆران:
شەپۆلێكی گەرما ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە هەندێك ناوچە بەرزترین پلەی گەرما تۆمار كراوە و گەیشتووەتە 51 پلەی سیلیزی، ئەوەش وای كردووە هاووڵاتییان بۆ خۆ خۆفێنكردنەوە و بەسەربردنی كاتێكی خۆش ڕوو لە ڕووبارەكان بكەن.
بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما وایكردووە شوێنە گەشتیارییەكانی ئیدارەی سۆران جووڵەیان تێبكەوێتەوە، لەسەر لێواری ڕووبارەكان بە هەزاران كەپری گەشتیاری دروست كراون، ئەوەش وای كردووە ڕۆژانە بە هەزاران گەشتیار ڕووی تێ بكەن، ئەوەش سوودێكی زۆری بە ناوچەكە گەیاندووە و دەرفەتی كاریشی بۆ سەدان كەس ڕەخساندووە. بەهۆی بوونی ڕووبار و سروشتە جوانەكەی ئیدارەی سۆران بۆتە ناوەندێكی گرنگی گەشتیاری و ڕۆژانە ژمارەیەكی بەرچاو لە گەشتیاران سەردانی دەكەن.
بەپێی ڕێنوێنەكانی بەرگریی شارستانی، لە وەرزی هاوین بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، هاووڵاتییان و گەشتیاران بەشێوەیەكی بەرچاو ڕوو دەكەنە چەم و ڕووبارەكان، بە مەبەستی مەلەكردن و خۆ فێنككردنەوەیان، ئەمە لە كاتێكدایە هەندێك لە ڕووبارەكان جێی مەترسین، تەنانەت لە زۆر شوێن تابلۆی هۆشیاركردنەوە دانراوە، لەگەڵ ئەوەی تیمەكانی بەرگری شارستانی بەردەوام پەیامی هۆشیاركردنەوە بە گەشتیاران و هاووڵاتییان دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەر گەشتیاران و هاووڵاتییان هۆشیار بن و بۆ مەلەكردن ڕوو لەو رووبار و شوێنانە نەكەن، كە بۆ مەلەوانی ناشێن و جێی مەترسین.