مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
فەرهاد نەوایی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی گوندی “تارشکان”ی شاری مەهاباد، بە تۆمەتی بەشداری کردن لە شۆڕشی ژینا ئەمینی و “کۆکردنەوە و هاوپەیمانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی کۆماری ئیسلامی”لەلایەن دادگای تاوانی تایبەت بۆ نەوجەوانان کە بنکەکەی لە شاری مەهاباد، بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا.
فەرهاد نەوایی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بە بیانووی بەشداری کردن لە شۆڕشی ژینا ئەمینی دەستبەسەرکراو لەلایەن دادگای ئەم شارەوە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئازادیی کاتی ئەم مێردمنداڵە کوردە دادگا بارمتەی بە بڕی ٥ ملیار تمەن دیاری کردبوو کە دەکاتە نزیکەی 170 هەزار دیناری عێراقی، بنەماڵەکەی توانای دابین کردنی ئەو بڕە پارەی نەبوو.
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کوردپا ئەوەش هاتووە :”فەرهاد نەوایی لە ماوەی دەستبەسەربوون و کۆبوونەوەی دادگا، لە گرتنی پارێزەر بێ بەش کرابوو و ناچار بە ددانپێدانانی زۆرەملێ کرابوو.
دوای 9 مانگ بەندکردن، ڕۆژی چوارشەممە 9 ی ئابی 2023 ئازاد کرا.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵان، تا ئێستا بە دەیان منداڵی کورد بە بیانووی بەشداریکردن لە شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لە بەندیخانەکانی ئێران، ڕۆژەکانی مانەوەیان لە سەر دیواری بەندیخانەکان دەنەخشێنن و چاوەڕێ ئازادبوون و گەڕانەوەن بۆ نێو کۆمەڵگە و لای خانەوادەکانیان.