دیمانە – شەهلا رەشید:
پزیشكێك باس لە ئاستی رۆشنبیریی هااووڵاتییان لەنێو كۆمەڵگەی كوردی دەكات و دەڵێت، هوشیاری تەندروستی لە نێو كۆمەڵگەی ئێمەدا یەكجار كەمە، ناشی شارێتەوە، نەبوونی هۆشیاری تەندروستی كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر كۆمەڵگە دروست دەكات .
د. رۆژین مەهدی، پزیشكی گشتی، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی، چەند پرسێك سەبارەت بە نەبوونی هۆشیاری تەندروستی، دەخاتەڕوو دەڵێت” بەشێوەكی گشتی ئێمە هیچ داتایەكی پشتبەستراومان نییە كە بە تەواوەتی بتوانێت بۆمان بسەلمێنێت ئاستی هۆشیاری تەندروستی خەڵك چۆن و چەندە، بەڵام ئەوەی من وەك پزیشكێك كە لە زۆربەی نەخۆشخانەكان كارمكردووە و هەروەها وەك راگەیاندنكارێكیش كە لەنێو كۆمەڵگەدا بوومە ئەوەی تێبینیم كردووە ئاستی هۆشیاری تەندروستی لەنێو كۆمەڵگەی ئێمەدا ئێگجار كەمە، بەجۆرێك كە هەڵە تێگەیشتنێكی زۆر لە بواری تەندروستی لەنێو مێشكی خەڵكدا چەقیوە و ئاستی هۆشیاری تەندروستی زۆر لاوازە، سەرەڕای ئەمەش نەبوونی هۆشیاری تەندروستی كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر كۆمەڵگە دەبێت، چونكە ئەگەر سەیر بكەین زۆربەی ئەو نەخۆشییانەی تووشمان دەبن و لەنێو كۆمەڵگەكەماندا رێژەییان زۆرە دەتواندرێت تا راددەیەكی باش ئەگەری تووشبوونمان كەمبكەینەوە، كەواتە ئەگەر هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی لە كۆمەڵگە لاواز بێت ئەمە واتە تووشبوون بە نەخۆشیی زۆرتر دەبێت، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر توانای حكوومەت و خەرجییەكی زۆرتر دروست دەكات.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد” بەداخەوە ئەوەی بینیومە و تێبینیم كردووە هیچ بایەخێكی ئەوتۆ بە پەروەردەكردنی قوتابییان لەڕووی تەندروستییەوە لەنێو قوتابخانەكانی ئێمە نەدراوە، پێموایە هۆشیاربوونی كۆمەڵگە جا لە هەر روویەك بێت بەگشتی و تەندروستی بەتایبەتی لە منداڵییەوە و لە قوتابخانەوە دەستپێدەكات، پێویستە لە قوتابخانەكان وانەی تەندروستیش هاوشانی وانەكانی دیكە بگوترێتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كۆمەڵگەیەكی تەندروست و دەرووندروست بێتە ئاراوە، ئەگەر تاك هۆشیار بێت لەرووی تەندروستییەوە، بزانێت شێوازی ژیانی چۆن رێكدەخات چ شتێك ناتەندروستە و لێی دووردەكەوێتەوە، كەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كۆمەڵگەیەكی تەندروستمان دەبێت ئەمەش واتە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی ئێجگار كەمدەبێتەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو” ئێستا لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا پێموایە بایەخێكی زیاتر بە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی دەدرێت ئەمە زۆر جێگەی دڵخۆشییە ئێستا بەشێك لە میدیا كوردییەكان بەرنامەی تایبەت بە هۆشیاری تەندروستی هەیە و تەنانەت پزیشكانیش لە رێگەی تۆڕەكۆمەلایەتییەكان تەركیزێكی زیاتریان لەسەر هاندانی خەڵكە بەرەو ژیانێكی تەندروست، بەڵام هێشتا ئەمە لە ئاست خواستی كۆمەڵگە نییە بەڵكو پێویستە كەمپەینەكانی بەرزكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندن و تۆرەكۆمەڵایەتییەكان زیاتر بكرێن.