زاری کرمانجی – سۆران :
هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگیەینێت، بۆ یەکەم جار و وەک ئیدارەی سەربەخۆ و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کار لەسەر چەندین پرۆژە دەکەین و ئەو بودجەیەش کە ١٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە، کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر پرۆژەی هەموو قەزا و ناحیە و گوندەکان دابەش کراوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، لە لێدوانێکیدا زانیاری بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە و دەڵێت:” پێشینەیەکی کەم بۆ چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی دابین کراوە، ئەمە بەدەر لە دابینکردنی بودجەیەکی دیکە لەسەر بودجەی پەرەپێدان بۆ چەند پرۆژەیەکی گرنگ، وەک پرۆژەی ستراتیژی دووسایدی سپیلک و خەلیفان، کە هەفتەیەک پێش ئێستا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرا.” سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاشیگەیاند:”دوای ساڵێک لە ڕاگرتنی، ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی دووسایدی سۆران – حاجی ئۆمەران کراوەتەوە. هەروەها چەند پرۆژەیەکی دیکەش لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەن، وەکوو ڕێگەی گوندەکانی (دۆڵێ زەرزێ) کە تێچووەکەی زیاتر لە ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دینارە و لە ناحیەی سیدەکان بەردی بناغەی دانراوە. ڕێگاوبانی بارزان و سەڤرە، بە بودجەی زیاتر لە ملیارێک دینار دەست بە کارەکانی کراوە. ڕێگەی هیران بەم زووانە بە زیاتر لە ٢ ملیار دینار دەست بە کارەکانی دەکرێت، بەرنامەی پرۆژەی ٦٠ مەتری بۆ میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی لە گفتوگۆداین و هەوڵ دەدەین بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. لە زۆربەی گوند، قەزا و ناحیەکانی سۆران، دەستمان بە هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە کردووە و دەمانەوێت پێش هاتنی وەرزی زستان ئەو کارانە جێبەجێ بکەین، لەبەر ئەوەی ناوچەکەی ئێمە شاخاوییە و لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان ئەم کارانە زەحمەت دەبێت. بۆیە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستمان پێکردووە و زۆربەی پرۆژەکانی وەک (ڕێگاوبان، ئاو و کارەبا) ئەوانەی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانن، لە بواری جێبەجێکردندان.” سەبارەت بە پرۆژەکانی چۆمان، ڕواندز، سۆران و مێرگەسۆریش، نەجیب ڕایگەیاند:”زیاتر لە ٥٥ پرۆژە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان لە بواری جێبەجێکردندان، بە شێوەیەک کە ٨٠%ی ئەو پرۆژانە لە جێبەجێکردندان. هەروەها، هەوڵ دەدەین پرۆژەی ناو کۆڵان و گەڕەکەکان بە ڕێژەی ٨٠% تەواو بکەین. تەنیا کێشەمان لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، کە لە وەرزی زستان کار کردن قورس دەبێت، چونکە ناوچەی دوورە دەستن و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش لەبەر ئەوەی لە ڕووی جوگرافییەوە سنوورێکی زۆر بەرفراوانی هەیە، بۆیە ناتوانین ئەو بڕە پارەیە بکەینە پێوەر، بۆ نموونە ئەو بڕە پارەیەی لە سۆران بۆ کیلۆمەترێک دروستکردن و یا نۆژەنکردنەوەی شەقام خەرج دەکرێت لەوانەیە لە دەشتی هەولێر ١٠ کیلۆمەتری پێ بکرێت، بۆیە دەبێت بڕێکی تایبەت بە سۆران بدرێت، چونکە ناکرێت ناوچەیەکی شاخاوی لەگەڵ ناوچەیەکی تر هەمان حیسابی بۆ بکرێت.” ٥٠٠ ملیۆن بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان سەبارەت بە پرۆژەکانی بواری تەندروستی و پەروەردە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند:”لە بواری پەروەردەدا ماوەیەک پێش ئێستا لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە و سەردانی زۆربەی قوتابخانەکانی کردووە، بە تایبەت ئەو قوتابخانانەی کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و بە یارمەتی دەزگای خێرخوازی بارزانیش، چەندین قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە. هەروەها لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە سەر بودجەی پەرەپێدانانی پارێزگاکان، نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، بەڵام پێویستمان بە چەند قوتابخانەیەکی نوێ هەیە، چونکە چەندین ساڵە قوتابخانەی نوێ دروست نەکراوە.” لە بارەی پرۆژە تەندروستییەکانیشەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوەدا، دوای دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرایەتییەکان ئەنجامەکەی باشتر دیار دەبێت. هەوڵ دراوە کەموکوڕییەکان کەم بکرێنەوە و گوتیشی:”سیستەمێکی ئەلیکترۆنیمان دەست پێکردووە، بۆ نموونە نەخۆشخانەی ئاشتی بەو سیستەمە بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی سیدەکان دەستی بە کار کردەوە، بەم زووانەش ئەو نەخۆشخانە ٢٥ قەرەوێلەیە تەواو دەبێت و ئامادە دەبێت لەگەڵ بنکەی تەندروستی گەزنە و شوێنی حەوانەی دکتۆرەکان لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون، هاوکات دروستکردنی بەشی فریاکەوتن لە ناحیەی خەلیفان و سیدەکان تەواو کراوە. سیدەکان گەورەترین ناحیەیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەیەکی بەرفراوانە و دوورە دەستە، بۆیە هەبوونی نەخۆشخانە لەوێ پێویستە.” هەروەها سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ زستانی ئەمساڵ، لە ڕووی پاککردنەوەی جادە و ڕێگاوبانەکان، هەڵگورد شێخ نەجیب ڕایگەیاند:”بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوەی ڕێگاوبان کە لە پێشدا بنکەیەک بوو سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هەولێر، ئەمساڵ فەرمانی بۆ دەرچووە و کراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و کەلوپەلی باشی بۆ دابین کراوە و لە ئامادەیەکی باش دایە، لە هەر بارێکی پێویست دەتوانن بە باشتر ئیش بکەن، چونکە کەرەستەی باشیان لەبەر دەست دایە.”