زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان، سوودەكانی ئەنجامدانی سونەتكردن دەخاتەڕوو و ئاشكراشی دەكات كە لە چ كاتێك نابێ ئەنجامبدرێت.
د، محەمەد كەمال مەموندی، پزیشكی پسپۆڕ و دكتۆرا لە نەشتەرگەری منداڵان، دەڵێت”سونەتكردن بریتیە لە كرداری لێكردنەوەی ئەو پێستە زیادەی سەری كۆئەندامی زاوزێی (زەكەری) منداڵی داپۆشیوە و یەكێكە لە باوترین كردارییە پزیشكییەكانی نەشتەرگەری منداڵان لە هەموو جیهان.
هەروەها دەشڵێت لەبەرچی و لە چ كاتێك پێویستە ئەنجامبدرێت، لەوانە:
-لەڕووی ئاینیەوە بە پێویست دەزاندرێ كە بكرێت.
-هەوكردنی بەردەوامی میز و كۆئەندامی میزەڕۆ.
-هەوكردنی سەری كۆئەندامی زاوزێ.
-لەكاتی راكێشانی ئەو پێستە زیادەیە و نەگەڕانەوەی، بۆیە داوا لە دایكان دەكەم بەهیچ شێوەیەك ئەو پێستە نەهێننە دواوە.
-هۆكارێكی سەرەكییە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی بۆیە پێویستە بكرێت.
-بەگشتی وا گونجاوە لە شەش مانگی سەرەتایی تەمەنی ساوا ئەنجامبدرێت.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی دەكات” كە لە چ كاتێك نابێت منداڵەكە سونەت بكرێت لەوانەش:
-قەڵەوی منداڵەكە و هەبوونی چەوری لەسەرووی كۆئەندامی زاوزێ، بەداخەوە زۆرجار منداڵەكە تووشی گرفت دەبێت بەتایبەت ئەگەر كەسێكی ناشارەزا سونەتكردنەكە بكات.
-كونی میز لە شوێنی خۆی نەبێت و لەخوارەوە بێت.
-لەكاتی سوڕان و خواری كۆئەندامی زاوزێ.
-هەبوونی فتق و كیسەی ئاوی گەورە.
گرفتەكانی سونەتكردنیش بریتین لە:
-خوێنبەربوون.
-هەوكردن.
-پاشماوەی پیسی بمێنێت و ببێتە كیس.
-ئەگەر كەسی ناشارەزا سونەتكردنەكە بۆ منداڵ بكات لەوانەیە بە تەواوی نەیكات و دووبارە پێویستی پێ بێتەوە، بۆیە وا باشترە لەلایەن پزیشك و كەسانی شارەزا ئەم كارە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی تووشی ئەو حاڵەتە نەبن.


































































