مههدى محهممهد – زارى كرمانجى :
ژمارەیەك پێشنوێژی مزگەوتەكانی سنووری شارەزوور، هانا بۆ پۆلیسی ناوچەكە دەبن كە سندووقی خێری مزگەوتەكانیان بڕاوە و پارەكەی دزراوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور دزەكە دەستگیر دەكەن.
بنكەی پۆلیسی شارۆچكەی زەڕایەن لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند كە دزی لە سندووقی خێری شەش لە مزگەوتەكانی ناوچەكە كردبوو، لە ڕاگەیاندراوەكەی پۆلیس هاتووە : “لەلایەن ژمارەیەك پێشنوێژی سنووری قەزای شارەزوور ئاگادار كراینەوە كە سندووقی خێری مزگەوتەكانیان بڕاوە و پارەكەی دزراوە، بەو هۆیەوە مەفرەزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیان كردووە و توانیویانە تۆمەتبارەكە بدۆزنەوە.”
ئاماژەی بەوەش كردووە تۆمەتبار هاووڵاتییەكی عەرەبە بە ناوی (ج، م، ع) ەو تەمەنی 20 ساڵە و دانی بە تاوانەكەی داناوە كە لە شەش مزگەوتی سنوورەكە دزی كردووە .