شەهلا رەشید- سۆران
بەرپرسی بنكەی تەندروستی هندرێن، دەڵێت” كردنەوەی كۆگای دەرمان هەنگاوێكی زۆر باشبوو، هەروەها كارئاسانییە بۆ هەموو لایەك، لەبەر ئەوەی نەك تەنها بۆ دەرمانەكانی نۆرینگە بەڵكو بۆ هەموو ئەوانی دیكەش پشتمان بە هەولێر دەبەستی”.
عەبدولسەلام محەمەد، بەرپرسی بنكەی تەندروستی هندرێن، بە زاری كرمانجی راگەیاند” كردنەوەی كۆگای دەرمان وا بە ئاسانی ناكرێت، لەبەر ئەوەی پێویستی بەشوێن و رێكخستنی هەموو تەندەرەكان بوو بۆیەش دواخرا و هەموو سەرەتاییەكیش ئاستەنگی تێدایە و زۆر لەمێژ بوو گرفتی نەبوونی دەرمانمان بۆ دروستبوو، بەڵام لە ئێستادا كە ئەم كۆگایە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، كرایەوە هەنگاوێكی باشبوو، چونكە هەموو دەرمانەكان لەوێ بەردەستن و بوومان دابین دەكەن، دەرمانی باشمان بۆ هاتوون، هەروەها چەند دەرمانێك كە هەر نەمانبوون وەك كۆنكۆر، ئەسپرین و ویكریس بەڵام ئەوانیش لە ئێستادا بەردەستن، هەروەها ئەوانەی كە ماون ئەوانیش بەزووترین كات بۆمان دابین دەكرێن”.
گووتیشی” دەرمانەكان قۆناغ بە قۆناغ بۆمان دێن و بەردەوامیشە، كۆگایەكە هەموو جۆرە دەرمانێكی تێدایە، هەرچەندیش داوا بكەین بۆمان دابین دەكەن، ئێمەش بەپێی پێویستی هاووڵاتییان دەرمانەكان دابین دەكەین، هەروەها ماوەیەكی زۆر ئەنسۆلینمان نەبوون كە خەڵكێكی زۆر بەكاری دەهێنن، ئەوانیش رۆژی رابردوو بەشێكی زۆرمان بۆ هاتوون هێشتاش هەر كەمن بەڵام ئەوانیش لە ماوەیەكی نزیكدا دابین دەكرێن.