موڕشید برادۆستی – سۆران:
وەفدێكی باڵایی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ چەند لایەنێكی شیعە و سونە كۆبوونەوەیان لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و پەیوەست بە ژیانی دانیشتوانان ئەنجامداوە، مامۆستایەكی زانكۆش ئاشكرای دەكات، گەورەی پارتی هۆكاری سەرەكیە بۆ ئەوەی شیعە و سونە تێڕوانینی جیاوازیان بۆ ئەو حزبە هەبێت و بەشێوەیەكی باشتر پێشوازی لێ دەكرێت.
د . مەهدی ستوونی مامۆستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی گووت:” دووای پێشێل كردنی لەو رێكەوتنە كرا، كە كابینەی سودانی لەسەری پێكهێنرا، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی وەفدێكی باڵاوە سەردانی بەغدای كرد و ژمارەیەك كۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە، بە روون و راشكاو بەو لایەنە عێراقیانەیان گووت، بە هیچ شێوەیەك قبوولی ئەم كارە ناكەین و پێویستە رێكەوتن چۆن كراوە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، هەروەها نیگەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان گەێندرایە چوارچێوەی هەماهەنگی و حزب و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی عێراقی.
ئەو مامۆستای زانكۆ، دووپاتی كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ تەواوی حیزبەكانی دیكەی كوردستان جیاوازە و لە لایەن هێز و لایەنە سیاسیەكانی عێراق حساب بۆكراوە، چونكە تێڕوانینی پارتی جیاوازە و بە شێوەی نیشتیمانی بیر لە بار و دۆخەكە دەكاتەوە، بەگشتی پارتی دەیەوێت هەرێمی كوردستان، هەموو مافەكانی خۆی لە رێگەی دەستوور پێبدرێت و بوددجە و موچە و شایستە داراییەكانی بۆ رەوانە بكرێت و نەخرێتە نێو ململانێی سیاسی، لەلایەكی دیكەوە، حكوومەتی عێراق سەرقاڵی دەركردنی یاسایی نەوت و غاز، ئەو یاسایەش زۆر گرنگە بۆ ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستان.
د. مەهدی ستوونی، ئاشكراشی كرد، هەموو حزبە عێراقیەكان بە شیعە و سونەوە، باش دەزانن نوێنەری ڕاستەقینەی كورد، پارتی دیموكراتی كوردستانە، وەهەر رێكەوتنێك بێ پارتی بكرێت رێكەوتنێكی بێ ئەنجام دەبێت، چونكە پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراقدا، نیوەی دەنگەكانی هەرێمی كوردستانی بە دەست هێناوە، ئەمەش گەورەی پارتی دیموكراتی كوردستان نیشان دەدات، لەلایەكی دیكەوە، مێژووی پارتی و ئەو سەرۆكە كارێزمایەی پارتی بەڕێوەدەبات، لە نێو ماڵی شیعە و سونەدا حساب بۆ كراوە و هۆكاری سەرەكیە بۆ ئەوەی ئەوان تێڕوانینی جیاوازیان هەبێت لەگەڵ پارتی و بەشێوەیەكی باشتر پێشوازی لێ بكرێت.