شەهلا رەشید- سۆران:
رۆژانە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، لەلایەن بەشێك لە هاووڵاتییانەوە بە بیانوی جۆر و جۆر ئامێرەكانی پەیوەندی بە تایبەت مۆبایل و ئینتەرنێت بە مەبەستی كاری خراپ بەكاردەهێندرێت، ئەمەش زۆر جار كێشەی لێكەوتۆتەوە، پارێزەرێكیش دەڵێت، یاسایەكە هەرچەندە بەندكردن و پێبژاردنیشیی تێدایە، بەڵام بۆ رێگری كردن و كەم كردنەوەی تاوانەكان، پێویستە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە پەیوەندیەكان هەموار بكرێتەوە و قورستر بكرێت.
هەناسە عەزیز پارێزەرە لە سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” ڕۆژانە كەیس و بابەتی جیاواز و لەسەر خراپ بەكارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەكان، دێنە دادگایی سۆران، ئەو حاڵەتانە زۆر بەربڵاو بووە، هۆكاری زۆربوونی ئەم گرفتانەش دەگەڕێنەوە بۆ ئاسان دەستكەوتنی مۆبایل و سیم كارت و هەموو ئەو ئامێرانەی دەبنە هۆی بۆ دروستبوونی تاوان، یاخود تاك بەشێوەیەكی نارێك و نەشیاو بەكاریان دەهێنێ، ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر تاكی كۆمەلگە و تاوانی گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
پارێزەر هەناسە، ئاشكراشی كرد:” لە یاسایی ژمارە (6) ساڵی 2006، تایبەتە بە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، لە هەندێ حاڵەتەكانی ئەم یاسایە باسكراوە سزای تۆمەتباری پێ قورس دەكرێ، گریمان بەكارهێنانی ئامێری مۆبایل یان هەر ئامێرێكی دیكەی پەیوەندی ببێتە هۆی كوشتن، دزین و تاوانی گەورە لەم حاڵەتانە سزای تۆمەتبار قورستر دەكرێ .
گووتیشی:” ئەوەی ئیستا زۆر تێبینی دەكرێت، هەبوونی هەڕەشە یان بڵاوكردنەوەی وێنە و ناوزڕاندنی تاكێك لەلایەن تۆمەتبارە، لەم حاڵەتانە یاسا سزای بۆ داناوە بە زیندانی كردن بۆ ماوەی سێ مانگ كەمتر نەبێ و لە سالێكیش زیاتر نەبێ، یاخود سزای ماددی كە بڕەكەی 750 هەزار كەمتر نەبێ و لە سێ ملیۆنیش زیاتر نەبێ، هەرچەندە سزاكە كەمە و پێویستە یاسایەكە هەموار بكرێتەوە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان، بەتایبەت لەئێستادا كە تاوانەكە بەر بڵاوبووە و سەركێشاوە بۆ زۆر لایەنی دیكە”.