پشتیوان كەریم – سۆران:
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، رایدەگەینێت،:” دووساڵ لەمەوبەر، لە ڕێگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشنیارمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردۆتەوە بۆ گواستنەوەی ناحیەی دیانا و چاوەڕوانی بڕیار و وەڵام دەكەین.
فەرزەنگ ئەحمەد لاوكە، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئێستا سێ دەستەڵاتی كارگێڕی لە ناو یەك ماستەر پلاندان، ئەوانیش دەسەڵاتی” ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دیانا” بۆیە پێشنیازمان كردووە بە گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیە بۆ سنووری باڵەكیان .
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، دەڵێت:” گواستنەوەی ناحیە بۆ سنووری باڵەكیان دەسەڵات و رۆڵی زیاتر دەبێت و كارئاسانیش بۆ هاووڵاتیان دروست دەبێت، هەر بەهۆی نزیكیمان لە سۆران تا ئێستا شارەوانیمان نییە، بۆیە لە هەموو رووێكەوە گواستنەوە سودی بۆ هاووڵاتییان دەبێت و لە سنووری باڵەكیان شارەوانی خۆیان هەیە.
گووتیشی:” هیچ پڕۆژەیەكی نوێ بۆ ئەمساڵ جێبەجێ نەكراوە، بەڵام لەپلان و بەرنامەدان، كە پڕۆژەی گرنگ لە سنوورەكەمان ئەنجام بدرێن”.
ناحیەی دیانا لە ڕووی كارگێڕیەوە سەر بە قەزای ناوەندی سۆرانە و لە 18 گەڕەك و 23 گوند پێكدێت، رێژەی دانیشتوانی ئەو ناحیە بەشارنشین و گوندنیشن نزیكەی 90 هەزار كەسە.”
































































