مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ئەمریکا زیاتر لە سێ هەزار سەرباز و دوو کەشتی جەنگی ڕوانەی دەریایی سوور کرد و ئێرانیش تازەترین مووشەکەکانی ڕادەستی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەکات، میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات کە هەردولا هێز و چەکی قورسیان بۆ ناوچەکە گواستووەتەوە و ئامادەکراون و ئەگەری بەریەککەوتن لە هەموو کات و ساتێکدا بەهێزترە.
فەرماندەی یەکەی پێنجی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا باس لەوە دەکات کە نزیکەی سێ هەزار سەرباز و دوو کەشتی جەنگییان لە دەریایی سووردا جێگیر کردووە.
ئامانج لە هێنانی سەرباز و جێگرکردنی کەشتی جەنگی لە دەریاکەدا، هەر وەکوو تیم هاوکینس، فەرماندەی یەکەی پێنجی هێزی دەریایی ئەمریکا ئاماژەی بۆ دەکات : “ڕووبەڕووبوونەوەی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، کە بەهۆی ڕەفتارەکانی ئێرانەوە ڕوو دەدەن، وەکوو دەستبەسەردا گرتنی کەشتی بازرگانیی.”
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە زوویی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێنانی سەرباز و جێگرکردنی کەشتی جەنگیی لە دەریایی سووردا لە لایەن ئەمەریکاوە ڕاگەیاند : “بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هیچ کاتێک ئاسایشی دەستەبەر نەکردووە، بەڵکوو هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بووەتە هۆی ناسەقامگیری و پشێویی.”
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی گووت : “ئێمە دڵنیاین لەوەی کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان دەتوانن ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن.”
بەهێزکردنی هێزەکانی لە دەریایی سووردا، دوای لێدوانێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هات کە هێزەکانی ئەمریکا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەکە، ڕێگرییان لە دوو هەوڵی ئێران کردووە بۆ دەستبەسەردا گرتنی دوو کەشتی بازرگانی لە نزیک کەناراوەکانی عومان.
دوای جموجۆڵی سەربازی ئەمەرێکا لە ناوچەکە، وەزارەتی بەرگریی ئێران دوو جۆر مووشەکی نوێی ڕادەستی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کرد.
ئاژانسی میهر-ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئێران دوو جۆر مووشەکی بە ناوەکانی “قەدیر” و “نەسیر” ی ڕادەستی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کردووە. کە دەتوانرێت لە سەکۆ مووشەکییە جێگیرکراوەکانی کەنار دەریا، نێو دەریا و ئاسمانیشەوە هەڵبدرێن، وەک هەلیکۆپتەری “Mi-17″ی هێزی دەریایی ئێران و فڕۆکەی جەنگی “F-4”.
هاوکات بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری بەریەککەوتنی سەربازیی لەنێوان ئێران و ئەمریکا لەکەنداو بەهێزە .
ماڵپەڕی “ماکۆ”ی ئیسرائیلی ڕایگەیاندوە : “گرژییەکان لە کەنداوی عەرەبیدا ڕوویان لە زیادبوون کردووە، ئەمەش لە پاشخانی ناردنی هێزی سەربازیی زیاتری ئەمریکی بۆ ناوچەکە، لە کاتێکدا ئێرانییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی پێشکەوتوو دەهێننە ناوچەکە کە مەودای هەزار کیلۆمەتریان هەیە.”
ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکە پێشبینی ئەوە دەکات ئێرانییەکان ژمارەی ئەو بەلەمە خێرایانە زیاد بکەن کە مووشەکی جۆراوجۆریان لەسەر دادەنێن کە وەک جۆرێک لە هێزی بەرپەرچدانەوەی کاریگەر بە کاری دەهێنێت، ئاشکراشی دەکات وەزارەتی بەرگریی ئێران سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کەشتیگەلی سوپای پاسداران زیاد دەکات کە توانای هەڵدانی مووشەکی کورت مەودایان هەیە. ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە “خۆکوژن”، بەو پێیەی شوێنی ئامانجێک دەدۆزنەوە و لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنەوە خۆیانی پێدا دەتەقێننەوە.