وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دابەشكردنی فۆرم بۆ نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبونی راگەیاند و بەپێی پڕۆژەكەش، بەبێ پێشەكی و بەقیستی 25 ساڵ، ئەو یەكانە دەدرێنە هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ سێشەم هەشتی ئاب، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەو یەكانە بەبێ پێشەكی و بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە كەمدەرامەتان.
زیاتر گوتی، لە ئەمڕۆوە ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن بۆ وەرگرتنی ئەو یەكانە، دەتوانن فۆرمەكانیان پڕ بكەنەوە و زانیارییەكان بخەنەڕوو، كە بەشێوەیەكی زانستی و بەهاوكاریی كۆمەڵەی كرێنشینان فۆرمەكان ئامادە كراون، ماوەی سێ مانگیشیان لە بەردەستدایە كە فۆرمەكانیان پێشكەش بكەن كە دواتر لینكەكە بڵاو دەكرێتەوە.
باسی لەوەش كرد، دوای پڕكردنەوەی فۆرمەكان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، لیژنەی تایبەت لە سنووری شارەدێ و شارۆكە و ئیدارە سەربەخۆكان پێكدەهێنرێت بۆ دیاریكردن و هەڵسەنگاندنی خاڵەكان، یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانیش ئەوەیە ئەو كەسەی فۆرمی بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبون پڕ دەكاتەوە، دەبێت تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵ و خێزاندار بێت.
روونی كردووە، بڕیاریان داوە هیچ بارگرانییەك بۆ كەس دروست نەبێت و هیچ بەڵگەیەك داوا نەكرێت، بەڵام هەر كەسێك بەپێی ئەو مەرجانەی داوا كراوە، توانی خاڵی پێویست بەدەست بهێنێت و ببێتە خاوەن یەكەیەك لەو یەكە نیشتەجێبووانەی دیاری كراون، ئەوا مەرجە هەموو زانیارییەكان بسەلمێنێت كە لەم فۆرمی داواكارییەدا تۆماری كردووە.