ن/ ئیسماعیل ئیبراهیم
چوونی شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییە كاریگەرییەكانی عێراق خوێندنەوەی زۆری هەڵدەگرێت.
لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوونەوە ئەوەی لە توانایانەوە بێت بۆ لاواز كردنی هەرێمی كوردستان درێغی ناكەن، ئەگەر تا دوێنی بە هێزی چەك دەیانكرد ئێستا و بۆ لەمەودوا لە رێگەی هێزی ئابووری و یاساییەوە دەكەین .
بێ گومان دوای ریفراندۆمە مێژووییەكەی هەرێمی كوردستان، كە 93% هاووڵاتییانی كوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیدا، عەرەبی شۆفێنی بە هاوكاری و پیلانی ئێران و توركیا هەوڵی لە بار بردنی هەرێم دەدەن كە یەكەم كاردانەوەیان بە كار هێنانی هێزی چەكداری بوو، كە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر یەكەم هەنگاویان بوو، دوای ئەوەش لە رووی یاسایی و ئابوورییەوە كار بۆ لاوازتر كردنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكەن.
ئەم پیلانەش بە بێ هاوكاری هێزە ناوخۆییەكانی كوردستان ئەستەم دەبێت، بۆیە بە پێدانی هەندێك ئیمتیاز بە چەند هێز و لایەنی سیاسیی ئەجنداكەیان جێبەجێ دەكەن.
مووچە و قوتی هاووڵاتییان چەندە گرنگە بۆ تاكی كوردی و خێزان و بەگڕ خستنی بازاڕ، بەڵام لەو گرنگتر كەرامەتی تاكی كوردی و بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بۆیە ناشێ لە پێناو بڕێك ئیمتیاز و پارە سەركردایەتی سیاسی بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەست بەرداری ئامانجە سەرەكییەكە بێت.
ئەگەر پارە و ئیمتیازات جێگەی شكۆی نەتەوەیی بگرێتەوە، ئەی ئەو هەموو شەهید و قوربانی و ماڵوێرانییە لە پای چی كراوە؟ بۆیە هەمیشە شتێك هەیە لە سەرووی هەموو بابەتەكانەوەیە ئەویش نیشتمانە، كە ناكرێت هەرگیز ببێتە قوربانی حەز و هەڵەی لایەنەكانی سیاسی.
ئەركی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەموو جار لە هەموو لایەنەكانی دیكە قورسترە، بە تایبەتی لەم دۆخەی كە عێراق و ناوچەكە پێیداگوزەر دەكات.
ئەم ئەركەی پارتی یەكەمجار لە ناوخۆی هەرێمەوە دەست پێدەكات تا دەگاتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنەكانی عێراق و جیهان.
خەلەلێك هەیە لە ناوخۆی كوردستان كە پێویستە پارتی زیاتر رووبچێتە ناو شەقام و نیگەرانییە هەمەچەشنەكانی هاووڵاتییان بڕەوێنێتەوە، لەبەر ئەوەی راگەیاندنەكانی دژ بەری پارتی كاراتر ئیش لەسەر هەستی رووكەشیانەی هاووڵاتییان دەكەن، كەمی خزمەتگوزارییەكانی ئاو، كارەبا، تەندروستی و … هتد. دەكەنە هۆكارێك بۆ جولاندنی هەستی شەقام لە دژی پارتی لە كاتێكدا پارتی كار بۆ بابەتی مەزنتر دەكات، ئەركی پارتی قوورسترە بۆ تێگەیاندنی شەقام.
لە رووی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پارتی دەبێ قوربانی بدات، وەك لە رابردووش داوێتی، لەبەر ئەوەی دژایەتی كردنی كیانی سیاسی كوردستان، كە لە لایەن وڵاتانی داگیركەرەوە پیلانی بۆ دارێژراوە ئەنجامی نابێت تا پارتی لاواز نەكرێت، تێگەیاندنی شەقام لەم بابەتە وەك پێویست كاری لەسەر نەكراوە.
وای دەبینم پارتی دەبێ كۆتا سنوور بۆ سیاسەتی پەراوێز خستن و لاواز كردنی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی ناوەندی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دابنێت، لەبەر ئەوەی بەردەوام بوونی ئەم دۆخە لە بەرژەوەندی نەتەوەی كورد و كوردستانیاندا نییە، تەنها چەند لایەنێكی سیاسی كە پشتیان بە ڕق و كینە و تۆڵەكردنەوە بەستووە سوودێكی كاتی دەبینن و دواتریش وەك حزبە كارتۆنییەكانی سەردەمی بەعسیان لێ دێت.
ئەركی پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئەو ئەندازەیە قورسە كە پێویستە ئازایانە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات، چوونی ئەم شاندە بەرفرەوانە بۆ بەغدا لەم چوارچێوەیەدا دەبینم.