” كۆبوونەوەكان ئەرێنی بوونە و لێكتێگەیشتن هاتۆتە ئاراوە”
دوای كۆتایی هاتنی كۆوونەوەی نێوانی شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ سەركردەكانی باڵای هاوپەیمانی، نووسینگەی راگەیاندنی هادی عامری ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی بڵاوكردەوە.
رۆژی دووشەممە 7/8/2023، كۆبوونەوەی فراوانی سەركردەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لەگەڵ شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی لە بەغدا لە ئۆفیسی سەرەكی هادی عامری و بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك لە سەركردە دیارەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی نووسینگەی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، لە كۆبوونەوەكەی لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەگەڵ شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و دۆسییەی هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
ئاماژە بەوەش كراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و جەختیش لە چارەسەرییەكان بە پێی دەستوور و بەرژەوەندیی نیشتمانی كرایەوە و هەروەها جەخت لە زمانی دیالۆگ و یەكخستنی بۆچوونەكان، لەپێناو سەقامگیری پرۆسەی سیاسی لە عێراق كرایەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی بڵاو كراوە ، شاندی پارتی بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی پابەندبوونی حكوومەتی عێراقی بە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێكردنی یاسای بودجە و بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و رێككەوتن لەسەر وادەی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا گفتوگۆ دەكات.
دواتریش پیشتوان سادق ئەندامی شاندەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند ” كۆبوونەوەكان لە كەشێكی باش بەرێوەچوونە و بەرجدەوام دەبین لە كۆبوونەوەكان”.