موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێک لە پڕۆژەی ڕێگای گوندەکانی گەلی شێخزادانی سەر بە قەزای سیدەکان گەیشتە قۆناغی کۆتایی و کاری قیڕ کردنی بۆ ئەنجامدرا .
زوبێر محەمەد ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە پڕۆژەکە، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند،:” پڕۆژەی ڕێگەی گەلی شێخزادان بە گوژمەی یەک ملیار و 237 ملیۆن دینار لەسەر بوددجەی وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمپانیایی ” کۆڕەک ” بۆ بەڵێندەرایەتی دەست بەجێبەجێ کردنی کراوە و ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگە و بانی سۆران سەرپەرشتی دەکەین.
زیاتر گووتی:” درێژی ڕێگای گەلی شێخزادان 9 کیلۆمەتر و نیوە، ئەمڕۆ و سبەی 1400 مەتری قیڕ دەکرێت، بەهۆی نەبوونی بەردی شکاو لە سیدەکان بەشەکەی دیکە ئامادە نەکراوە بۆ قیڕ کردن، سەرقاڵی دابین کردنی ئەو جۆرە بەردەین بۆ پڕۆژەکە و دواتر قۆناغی قیڕ کردن بۆ ئەو بەشەی ماوە دەست پێدەکات .
گووتیشی:” ماوەی یاسایی پڕۆژەکە 300 ڕۆژه، بە دڵنیاییەوە بەر لە تەواو بوونی ئەوماوەیە پڕۆژەکە بەکۆتایی دێت و قیڕدەکرێت.
زوبێر محەمەد، ناشی شارێتەوە، پڕۆژەکه ستراتیژی گرنگە و دەڵێ:” بە تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیە، چەندین گوندی سنووری گەلی شێخزادان و دەشتی هێرت لە قەزای سیدەکان سودمەند دەبن و ئاسانکاری زۆری هاتووچۆیان بۆ دروست دەبێت .
لە دەستپێکی دامەزراندنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستەشی لەگەڵدا بێت، گرنگی زۆری بە خزمەت گوزاری بەتایبەت لە بواری ڕێگە و بانی داوە، ئەمە سەرباری ئەوەی حکوومەتی عێراق هیچ بوددجەیەکی تایبەت بۆ پڕۆژەکان نانێرێت و لەسەر داهاتی نێوخۆی جێبەجێ دەکرێن .
تەنها لە سنووری قەزای سیدەکان، سێ پڕۆژەی ڕێگە و بان بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار لە واری جێبەجێ کردندان، ئەوانیش پێکهاتوون لە پڕۆژەی ” ڕێگەی دۆڵی زەرزێ، گەلی لێتان، گەلی شێخزادان “.