د. ئازا – زاری كرمانجی:
لەم دواییانەدا بەداخەوە چەندین حاڵەتی خنكان و برینداربوون دەبیستین لە كاتی مەلەكردن لە ڕووبار و ئاوەكاندا، بەتایبەتی لەم كاتانەی ساڵدا كاتێك پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە.
لە دیارترین هۆكارەكانی خنكانی خەڵكی سڤیل ناشارەزایی و كەم ئەزموونی لە مەلەوانیكردن و ئەو ناوچەیەی كە مەلەوانی لێ دەكەن، جگە لەمەش نەبوونی هۆشیاری لەسەر سروشتی ئەو شوێنەی كە مەلەوانی تیادا دەكرێت چونكە زۆرجار ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤ ڕووبەڕووی تەوژمی ئاو و قووڵی لە ناكاو یان سروشتێكی جیاواز ببێتەوە، یاخود كەسێك هاوڕێیەكی یان ئەندامێكی خێزانەكەی دەبینێت كە دەكەوێتە ناو ئاو و مەترسی لەسەرە ئەوا هەوڵدەدات یارمەتی بدات، بەڵام هەندێك جار كارەساتەكە گەورەتر دەبێت جگە لەوەی ناتوانێت ئەو مرۆڤە ڕزگار بكات بەڵكو خۆشی دەبێت بە قوربانی، باشتر وایە ئەو كەسانەی كە نازانن بە چاكی مەلەوانی بكەن هەموو ئاوەكان بۆ ئەوان مەترسیدارن و پێویستە ئاگاداری خۆیان بن و سەركێشی بە گیانی خۆیان نەكەن.
دیاردەكە نوێ نییە:
دیاردەی خنكان لە ئاو شتێكی نوێ نییە و لە ڕابردووش هەر هەبووە و لە هەموو وڵاتێك ڕوودەدات بە تایبەت لە وڵاتە تازە پێشكەوتووەكان ڕێژەی مردن زیاترە لە چاو هەندێ وڵاتی تر لە جیهان، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە بۆ ئێمە ئەمساڵ حاڵەتەكان زیادیان كردووە لە هەرێمی كوردستان و لێرەو لەوێ ڕۆژانە هەواڵی خنكان دەبیستین.
هۆكارێكی تری زیادبوونی خنكان لە ئاو، لە ئیستادا هۆكارەكانی گواستنەوە زیادی كردووە و خەڵك بۆ ئەنجامدانی مەلەوانی ئاسانتر دەگات بە شوێنەكانی مەلەوانی و جگە لەمەش ڕووبار و شوێنەكانی مەلەوانی دیاریكراون و ڕێژەیان كەمە و بە پێچەوانەشەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی دانیشتووانان روو لە زیادبوونە و مرۆڤ حەزی زیاتر دەبێت بۆ مەلەوانی و كات بەسەربردن لە ئاودا و ئەمەش هۆكارێكی ترە.
هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی دیاردەكە:
چەندین هەڵمەتی هۆشیاری ئەنجامدراون لە ڕابردوو و بەرگری شارستانی لە چەند شوێنێك تابلۆی ئاگاداركردنەوەی داناوە لە مەلەكردن و چەند شوێنێكی قەدەغەكردوون.
و پێویستە ئارەزوومەندانی مەلەوانی ئاگادار بن لە مەترسی و سەركێشی لە كاتی مەلەكردن لە ڕووبارەكان و ئاوەكان بە تایبەت كە لە هەندێك بەرزایی باز نەدەن تاوەكو خۆیان بەدووربگرن لە بەركەوتنیان بە شاخ و تەنە تیژەكان، و لە كاتی مەلەكردن زوو زوو پشوو وەربگرن لە پێناو گەڕانەوەی توانای جەستەیان، و گرینگە مەلەوان پێش ئەنجامدانی مەلەوانی پرسیار لە سروشتی ئەو ناوچە بكات كە مەلەوانی تیدا ئەنجامدەدات كاتێك لە ناوچەیەكی وەك ڕووبار و دەریاچەكان مەلەوانی دەكات بۆ یەكەم جار.
لە هۆڵەندا لە شوێنە سروشتیەكانی شیاو بۆ مەلەوانی حكومەت چی بۆ خەڵك كردووە
لە وڵاتێكی بە ڕووبەر بچووكی ١٧ ملیۆنی وەك هۆڵەندا لەو شوێنە سروشتیانەی كە شیاون بۆ یاری مەلەوانی حكومەت لە وەرزی هاوین لە هەر شوێنێك لەم شوێنانە چەندین مەلەوانی ڕزگاركەری ئامادەكردووە جگە لەمەش چەندین كەرەستەی یارمەتیدەری داناوە وەك داری یارمەتی و درێس و حبل و چوپی ڕزگاركردن ودانانی تۆڕ لە هەندێ شوێنی دەریا، ئەو مەلەوانەی كە یارمەتی خەڵك دەدات لە ڕزگاركردنیان فیكە و بڵندگۆی ئاگاداركردنەوە بەكاردەهێنێت كە هەست بكات كەسێك مەترسی لەسەرە.
بۆیە بە پێویستی دەزانم حكوومەت بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و لە شوێنە سروشتی و گشتییەكانی مەلەكردن لە هەرێمی كوردستان ئەم خاڵە گرنگانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێدان جێ بە جێ بكات كە ئەمانە هۆكار دەبن لە كەمكردنەوەی ڕێژەی مردن و خنكانی خەڵك.
زیادكردنی تیمەكانی ڕزگاركردن
هەوڵبدرێت بە زیادكردنی تیمەكانی ڕزگاركردن و نوقمبوون سەر بە بەرگری شارستانی و كەرستە و ئامێری تایبەتیان بۆ ئامادە بكرێت جگە لەمەش بەردەوام ڕاهێنان و خولی تایبەتیان بۆ بكرێت لە پێناو زیاتر شارەزابوون و پێشكەوتنیان.
چەند ڕێنماییەك بۆ ئارەزوومەندانی مەلەوانی لە كاتی مەلەكردندا:
- پێش ئەوەی مەلەوانی ئەنجام بدەیت گرینگە كە (احماو) گەرمكردن و ئامادەكردنی لەش ئەنجام بدەیت، چونكە زۆرجار كاتێك خۆگەرمكردنی لەشت ئەنجام نەداوە دەبێتە هۆی (تشنج) گرژبوونی ماسولكەكان بە تایبەت لە پێ و ناتوانیت مەلەوانی تەواو بكەیت.
- جێ بە جێ كردنی ڕێنماییەكانی سەلامەتی لە كاتی مەلەكردن كاتێك ڕوو لە ڕووبار و دەریاچە یان مەلەوانگەكان دەكەیت بۆ مەلەوانی.
- مەلەكردن لە شوێنە سەلامەتەكان یاخود بە گرووپ لەگەڵ چەند كەسێك بێت، زۆر هەڵەیە لە شوێنێك مەلەوانی بكەیت و هیچ كەسێكی لێ نەبێت.
- مەلەنەكردن ڕاستەوخۆ لە دوای نانخواردن.
- جگەرە و نەرگیلە مەكێشە لە پێش ئەنجامدانی مەلەوانی.
- چاوت لەسەر منداڵەكەت بێت كاتێك لە ناو ئاوە و دەیەوێت مەلەوانی بكات.
- ئەو كەسانەی مەلە نازانن یاخود تازە فێری مەلەوانی دەبن پێویستە چاكەتێكی سەلامەتی و ڕزگاركردن بەكاربهێنن لە كاتی مەلەكردن.
- پێویستە لەسەر هەموومان كە خۆمان فێری تەكنیكەكانی فریاكەوتنی سەرەتایی بكەین چ بۆ مەلەوان لە كاتی پێویست یاخود هەر مرۆڤێك كە لە دۆخێكی نەخوازراو پێویستی پێ ی بوو.
چۆن فریاگوزاری سەرەتایی بۆ كەسێكی ژێرئاو كەوتوو دەكەین بۆ ئەوەی لە مردن ڕزگاری بكەین ؟
- لەسەرەتا دوای ئەوەی لە ئاو دەرمانهێنا هەوڵ دەدەین لە شوێنێكی سەلامەت دایبنێین.
- ڕاستەوخۆ دەست دەكەین بە ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی بە دانانی دەستێك لە ژێر پشتی كەسەكە و دەستێكی دیكەت لە پشت ملی دادەنێین بۆ كردنەوەی ڕێڕەوی هەوا لە لەشی مرۆڤەكە.
- دڵنیابوون لە لێدانی دڵی مرۆڤەكە، ئایا كەسە هۆشیارە و ڕێگای هەوا كراوەیە.
- ئەگەر كاتێك پێویست بوو هەناسەدانی دەستكرد دەتواندرێت ئەنجام بدرێت و بەرزكردنەوەی سنگی بۆ هاتنەدەرەوەی ئاوی سنگی.
- باشتر وایە دوای ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی بە شێوەیەكی ڕێك و خێرا، ئەگەر پێویست بوو كەسەكە بە زووترین كات بگوازرێتەوە بۆ نزیكترین نەخۆشخانە.
و بە شێوەیەكی گشتی لەم حاڵەتانە زۆر پێویستە بە دانایی و ژیری هەڵسوكەوت بكرێت و ئەو كەسەی كە فریاكەوتنی سەرەتایی ئەنجام دەدات دەبێت شارەزایی هەبێت و خولی ئەكادیمی و زانستی بینیبێت.