زاری كرمانجی- سۆران
د. ئیسماعیل عەباس، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە، میزەڕۆ، پڕۆستات، لاوازی سێكسی و نەزۆكی پیاوان، دەڵێت” هاتنە خوارەوەی میز لە خانماندا نەخۆشییە و بەبێ ئەوەی كەسەكە هەوڵی میزكردن بدات و هەست بە هەبوونی تەنگاوی میزكردن بكات روودەدات، ئەمەش زۆرجار لەكاتی كۆخە، پژمین، پێكەنین و هەندێكجاریش بەهۆی هەڵگرتنی شتی قورس و وەرزشكردنەوەیە، هەروەها رێژەی تووشبوونیشی لە ئافرەتان زۆر زیاترە لە پیاوان، (١/٣)ی ئافرەتان لە قۆناغێكی ژیانیان ئەو كێشەیان لێ روودەدات بەڵام زیاتر لە تەمەنی نێوان ٤٥ تا ٦٠ ساڵی ئەمە دروست دەبێ، زیاتریش لەو ئافرەتانەی كە چەند منداڵێكیان بووە ئەوەش لەبەر ئەوەی لەكاتی سكپڕی و منداڵبوون ماسولكەكانی حەوز كە یارمەتی دەرن بۆ كۆنترۆڵی میزكردن لاواز دەبن و بەشێك لە ریشاڵەكانیان لەدەست دەدەن، هەروەها كۆخەی درێژخایەن، جگەرە كێشان و قەڵەوی بەشێكی هۆكاری تووشبوونن، زۆر كات ئافرەتان ئەو كێشەیە دەشارنەوە بەتایبەتی لە كۆمەلگەی ئێمە و كۆمەڵێك پرسیار لەناو مێشكیدا دروست دەبن كە ئەمەش هەڵەیە و نابێ وا بیر بكاتەوە و پێی شەرم بێت، بەڵام دەبێ بیركردنەوە نەرێنییەكانیان بگۆڕن.
چارەسەرییەكانی بریتین لە:
-دابەزاندنی كێش.
-وازهێنان لە جگەرەكێشان و چارەسەركردنی كۆخەی درێژخایەن.
-بەهێزكردنی ماسولكەكانی حەوز بە وەرزشی جۆری Kegel exercises
-لە ئافرەتان نەشتەرگەری بە نازوور یان دانانی جۆرێكی تایبەت لە تێپ یاخود كردنەوە بە هەڵواسینی ملی میزڵدان دەكرێت، بەڵام نەشتەرگەری بە نازوور باشترینیانە لە رێژەی سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكە و گەڕانەوەی كۆنترۆلی میزكردن، هەروەها كێشە و گرفتەكانیشی كەمترە دوای نەشتەرگەری بەبەراورد لەگەڵ دانانی تێپ یان نەشتەرگەری لە ڕێی برینەوە.