پشتیوان كەریم – سۆران:
قایمقامی قەزای چۆمان لە بارەی سێكتەری كارەبا لە سنووری باڵەكایەتی دەڵێ: پڕۆژەیەكی كارەبا كە كراوەتە چەند بەش بەگوژمەی زیاتر لە 13 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت.
سوارا ئەكرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: پرۆژەی گەیاندنی هێلی 132 كەیڤی بۆ چۆمان و هێلی 133 كەیڤی بۆ حاجی ئۆمەران، هاوكات دانانی محەتەی 132 كەیڤی لە چۆمان و دانانی محەتەی 133 كەیڤی لە حاجی ئۆمەران كە چوار بەش لەخۆدەگرێت لە جێبەجێكردندان.
قایمقامی چۆمان، گوتیشی: گوژمەی پڕۆژەكە بە 13 ملیار و نیو دەخەملێندرێت و لەسەر بودجەی وەبەرهێنان وەزارەتی كارەبا جێبەجێی دەكرێت، ماوەی پڕۆژەكە 650 رۆژە و لەو ماوەیەدا كۆتایی بە پڕۆژەكە دێت.
سوارا ئەكرەم، قایمقامی چۆمان، روونیشیكردەوە: بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە گرفتی كارەبا لە تەواوی ناوچەكە چارەسەر دەبێت و لەرووی كواڵێتی و بەرزكردنەوەی ڤۆڵییە كێشەی هاووڵاتییان چارە دەبێت، هەروەها ئەمەش وا دەكات كە یەكەمینجار كارەبای نیشتمانی بگاتە سنووری حاجی ئۆمەران، بەو پێییەی كارەبای بەشێكی سنوورەكە لە ئێران دەهات.