مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
محەممەد شیاع سودانی یەکەم هەنگاوی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆسیەی (دزی سەدە) ی ڕاگەیاند و بەشێک لە کاربەدەستانی حکومەتەکەی کازمی تۆمەتبار کرد.
سودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، کە بە دەوروبەرییەوە چەند فەردە پارەیەک دانرابوو، دزینی 307 ترلیۆن دینار کە دەکاتە 2.5 ملیار دۆلاری ڕاگەیاند.
ئەم دزینە بە دۆسیەی “دزی سەدە” ناوبراو بەشێک لە کاربەدەستانی حکومەتەکەی کازمیش تۆمەتبار کران، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن کازمییەوە ئەم تۆمەتە ڕەتکرایەوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو دۆسیەیە ماوەتەوە و لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە چڕ کراونەتەوە.
حکومەتی عێراق، داوای لە هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەمەریکا کردووە هاوکاریی بکەن لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی “دزی سەدە” کە بەشێکیان ڕەگەزنامەی ئەو دوو وڵاتەیان هەیە.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ڕاگەیاند کە (ئینتەرپۆل) ئاماژەی سووری بۆ دەستگیرکردنی سکرتێری تایبەت و ڕاوێژکاری سیاسی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕاگەیاندووە، کە هەردووکیان هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریکین.
حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد ئینتەرپۆل لە هەوڵی دەستگیرکردنی عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی پێشووی حکومەتەکەی کازمییە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانییە.
حەنون هۆشداری دایە ئەو تۆمەتبارانە و ڕاگەیاند: “مانەوەی ئەم کەسانە لە دەرەوەی زیندان، زۆر ناخایەنێت.” هاوکات دۆسیەی (دزی سەدە) شی بە تاوانێکی تێکەڵ بە خیانەت ناو برد.