سەردار قازی – ڕواندز:
لەپێنگاوێکی مرۆڤدۆستانەدا وەستایەکی جام لە سنووری قەزای ڕواندز، ئامادەیە بەبێ بەرامبەر جامی کۆمەڵێک شوێن بگۆڕێت کە ناوەندێکن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
گۆڕەز ئەحمەد، قوتابی کۆلێژ و گەنجێکی کاسبکاری قەزای ڕواندزە، لەپای هەست کردن بە بەرپرسیارییەتی ئامادەیی خۆی پیشاندا و هاوکاری کۆمەڵێک دامەزراوەی گرنگی ناوچەکە بکات.
وەرزی نوێی خوێندن دەستپێکردووەتەوە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوتابخانەی سنوورەکە پێویستیان بە نۆژەن کردنەوە هەیە، چونکە کۆن بوونە و گەلێک جار ئاستەنگ بۆ قوتابییان و مامۆستایان دروست دەکات. گۆڕەز، ئامادەیە ئەرکی لایەنی پەیوەست کەم بکاتەوە و بێ بەرامبەر جامە شکاوەکانی سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕواندز بگۆڕێت.
گۆڕەز، کە خاوەنی شوێنێکی تایبەت بە دروستکردنی جامە ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئامادەیە بۆ گۆڕینی جام و چاککردنەوەی دەرگا و پەنجەرەی مزگەوت و نەخۆشخانەکان بەبێ بەرامبەر.