زاری کرمانجی – سۆران :
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە کۆبوونەوەیەکدا ددان بەوە دەنێت کە شۆڕشی ژینا ئەمینی مەترسی لەسەر سیستەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست کردبوو و دەڵێ : “ئاژاوەگێڕەکانی ساڵی ڕابردوو، بەهێزترین، مەترسیدارترین، جیدیترین، نا یەکسانترین و بەرینترین شەڕی جیهانیی بە دژی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بوو.”
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران، هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تەواوی بەرپرسانی بەسیجی سەرتاسەری ئێران، زۆر شتی لەبارەی شۆڕشی ژینا ئەمینی درکاندووە و هۆشداریشی لە سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵیادی شەهید کردنی ژینا ئەمینی بە بەرپرسانی بەسیج داوە.
سەلامی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە کە دوژمن لەم شەڕە قورسەدا شکستی هێناوە و بەسیج و سوپا لە فیتنەگەری بەرینی ساڵی ڕابردوو بە تەکبیر، خۆڕاگری، بڕوا بە خۆیی و هیوا لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە بوون و لە پاڵ خەڵکدا بە پووچەڵ کردنەوەی نەخشەی دوژمن، شکستیان پێ هێنان.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران، ترسی خۆی ناشارێتەوە لە گەرمبوونەوەی شۆڕشی ژینا و هۆشداری بە بەرپرسانی بەسیج دەدات بۆ ئەوەی چاو کراوە تر بن و دەڵێ : “دوژمن بە نیازە لە ساڵیادی ڕووداوەکانی پاییزی ساڵی ڕابردوو بۆ جارێکی دیکە فیتنەگەری بکات و تەنیا ڕێکاری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵی دا (پێشگری کردنە).”
شۆڕشی ژینا ئەمینی بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) تا ئێستا بەردەوامی هەیە و ناڕەزایەتییەکانی شەقام لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی ئێران وەکوو سیستان و بەلووچستان بەردەوامە و هاووڵاتییانی شارەکانی دێکەی پارێزگاکانی ئێرانیش، بە نووسینی دروشمی سەر دیوارەکان و گوتنەوەی دروشمی شەوانە، خۆیان بۆ دەست پێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان ئامادە دەکەن.
هاوکات، سەرۆکی ناوەندی نوێنەرایەتی خامنەیی لە زانکۆکان، هۆشداری دابوو ئەگەر لە ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا و بەرپابوونی شۆڕشەکەی، ڕێگری بکرێت لە یادکردنەوەی، ئەوە بە تەواوی شۆڕشەکە شکست دەخوات و لە چالاکی دەکەوێت.