موڕشید برادۆستی– سیدەكان:
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و شۆڕكردنەوی دەسەڵاتە كارگێڕییەكان، ساڵی ڕابردوو هەریەک لە سیدەكان و کانیەڕەش كران بە قەزا و ناحیە، قایمقامی ناوچەکەش دەڵێت:” ڕەزامەندی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی نوێ و چەند فەرمانگەیەک وەرگیراوە .
ئیحسان چەلەبی قائیمقامی قەزای سیدەكان بە وەكالەت، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دووای بە قەزا کردنی سیدەکان، لە قۆناغی یەکەم دادنووس و دادگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دەکرێنەوە، لە ئێستادا بەشێوەی فەرمی ڕەزامەندی کردنەوەی دادنووسمان بە ژمارە ” 2722 ” لە ڕێکەوتی 11 – 7 – 2023 وەرگرتووە و دەست به نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی ” گەرماوی سیدەکان ” دەکەین کە بۆ فەرمانگەی دادنووس تەرخانمان کردووە .
قائیمقامی قەزای سیدەكان دەڵێت:” نهۆمی دووەمی ناوەندی وەرزش و لاوانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سیدەکان دیاری کراوە، چەند کەسێکیش بۆ ئەو پۆستە سیڤیان پێشکەش کردووە و هەوڵ دەدرێت لە ماوەی داهاتوو ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بکرێتەوە، هەروەها بۆ ئاسانکاری دانیشتوانانی سنوورەکەمان تەواوی ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییانە دەکەینەوە کە لە قەزاکان بوونییان هەیە”.
ئیحسان چەلەبی، گووتیشی:” ئامانجمانە خزمەتێکی جوان پێشکەش بە سیدەکان بکەین، بە شێوەیەک سەنتەری قەزا سیمای شاری پێوەدیاربێت و خەڵکیش هەست بە گۆڕانکاری بکات”.
قەزای سیدەكان لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، خاوەنی 266 گوندە و نزیكەی 20 هەزار دانیشتووی هەیە، لە رێكەوتی 2 – 11 – 2022 بە فەرمانی هەرێمی و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، سیدەكان و بەرمیزە ” کانیەڕەش ” بەشێوەكی فەرمی كرانە قەزا و ناحیە