نەجمەدین محەمەد قەراجی
ئەگەر بە دیدێکی وردبینانە لە (عێراقی نوێ!) بڕوانین، هەمان ئەو عێراقە دەبینین، کە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق پێیدا تێپەڕیون، بەڵام ئەمجارە لە بەرگێکی دیکەدا و لەژێر کاریگەریی گرووپێكی تایەفەگەرای دیكەدا، کە ئەویش دەسەڵاتی عەرەبی شیعە مەزهەبە.
بۆیە ئەگەر بەراوردێک لەنێوان عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی و بەر لە پرۆسەكە بکەین، سەبارەت بە کێشەی کورد هەمان ئەو دید و بۆچوونە شۆڤێنییە عەرەبییە سەبارەت بە دۆزی کورد دەبینین، تاکە جیاوازییش کە بەدی دەکرێت، لەم جارەدا کورد لە حکوومەتدا بەشدارە و چەندین پۆستی گرنگی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی لە عێراق هەیە، تا سەر ئێسقان لە هەوڵی سڕینەوەی شوێنەواری کوردبوونە لە هەرێمی کوردستان.
وەک دەبینین کە لە هەوڵی ئەوەدایە، مافە ڕەواکانی گەلی کورد پێشێل بکات و تەنانەت بەندەکانی دەستووری عێراقیش پێشێل دەکەن، کە گەل و دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەنگیان پێی داوە، کەواتە ئەوەی دەیبینین سیاسەتی شۆڤێنییانەی دەسەڵاتدارانی عێراقی کۆن و تازەیە، سەبارەت بە مافی گەلەکەمان و ئەوەندەی بۆیان لوابێت، لە هەوڵی خواردنی مافەکانمان دریغییان نەکردووە.
تەنانەت ئەو دۆستانەی دوێنێی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی بەعس کە هەموو ئەرک و قورساییەکیان لەسەر گەل و شۆڕشەکانی کورد بوو، ئێستا تەواو پێچەوانە بوونەتەوە و بە نەزمی بەعس و ڕژێمە گۆڕبەگۆڕەکانی پێشوو، لە هەوڵی سڕینەوەی کوردن لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچە کوردستانییە داگیركراوەكان (کێشەلەسەرەکان) کە دەبوایە بەپێی دەستووری عێراقی و مادەی ١٤٠ی دەستوور، ئەو ناوچانە یەکلا بکرابانەوە و عێراق دانی بە ئەنجامەکانیدا بنایە.
بەڵام لەجێی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عەرەبی شیعە سوودیان لە تاقیکردنەوەکانی پێشوو وەربگرتایە و عێراقێکی زامن و ئارامیان دروست بکردایە، بە هەمان ئاوازی بەعس و ڕژێمە خوێناوییەکانی پێشوو، هەمان تاس و هەمان حەمام، دەستیان بە دژایەتیی گەلی کورد کردووە و لەسەر تەعریبی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لە بەدبەختیی کوردیش، خۆفرۆش و تابووری پێنجەم هەمان هەوڵ و ئاڵۆزی دەدەن و کێشە لەدوای کێشە دروست دەکەن و مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەبڕن و لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئیرادەی گەلەکەماندان، بێ خەبەر لەوەی، کە تا لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بن، زیاتر عێراق بۆ ڕۆخی مردن دەبەن.
ئاخر ئەوەی ئەمان ئەمڕۆ دەستیان داوەتێ، لە دێرزەمانەوە ڕژێمەکانی پێشووتر تاقییان کردووەتەوە، بە سەدام حوسێنی دیکتاتۆریشەوە، بەڵام جگە لەوەی عێراق بەرەو هەڵدێری مەرگ براوە، هیچی دیكەی تیا سەوز نەبووە و زیاتر بووەتە هۆی داڕمانی ژێرخان و سەرخانی عێراق و دروستکردنی ناسەقامگیری و نائارامی و ئاشتی لە ناوچەکەدا کە دەبوایە برایانی عەرەبی شیعەی بەر لە پڕۆسەی ئازادی، کە هەمان چەرمەسەریمان بە دەستی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕەوە دی، بە عەقڵی سەردەمیانە لە کێشەکەمانیان بڕوانیبایە، نەک ئەوەی ئێستا دەیبینین، کە جیهان بە قەیرانی داراییدا تێ دەپەڕێ و بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە ئەمان بێن و ئەو بارودۆخە ئابوورییە بقۆزنەوە و دژ بە هەرێم بیگرنە بەر، بۆ بچووکردنەوەی دۆزەکەمان.
بەڵام دەبێ ئەوە بزانن، کەوتن هەیە، بەڵام هەستانەوە و ڕاستبوونەوەیشی بەدوادا دێت و دڵنیام هەرێمی کوردستان ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنێت و ئەوکات ئێوە بە شەرمەزارییەوە بۆ کێشە و گرفتەکانتان ڕوو لە هەولێر دەکەن و ئارەقەی شەرمەزاری نێوچەوانتان تەڕ دەکات، چونكە گەلی کورد ئەو گەلەیە کە شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانکردن سەری پێ دانەنواند، دڵنیام هاشوهووش و بێڕێزیی ئێوەش بەردێک لە جێی خۆی لەق ناکات.
بەتایبەت، کە ئێستا سەرکردایەتیی سیاسیی كورد لە لوتکەی هۆشیاریدایە و بەوریاییەوە لەگەڵ نیازە گڵاوەکانتان هەڵسوکەوت دەکات و ئەگەر زیاد سنوور ببەزێنن، کش مەلیکتان لێ دەکات و ئەوکات شتێک نامێنێت بە ناوی عێراقی یەكگرتووەوە، بۆیە کارێکی وا بکەن لە ئایندەدا دوو هاوسێی لە یەکگەیشتوو و باش بین، نەک کار لە کار بترازێت و بە دوژمنایەتی دەست پێ بکەین و ماڵئاوایی لە یەکتری بکەین.