مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ماوەیەکە جۆرە جپسێک لە بازاڕ و کافتریاکان دەفرۆشرێت کە بە جپسی نایترۆجینی ناسراوە و خواستی زۆری لە سەرە لەلایەن منداڵ و گەنجانەوە، وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاگاداری هاونیشتمانییان دەکات کە بە هیچ شێوەیەک ئەم جۆرە جپسە بەکارنەهێنن و زیان بە تەندروستیان دەگەیەنێت .
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە کە جپسی نایترۆجینی بە بەکارهێنانی گاز و شلەی نایترۆجین و بوونی دووکەڵێکی سارد وای کردووە سەرنجڕاکێش بیت و منداڵان و گەنجان حەزی لێ بکەن، بۆیە وەزارەتی ناوبراو ئەو جپسەی قەدەخە کردووە و دەڵێت : “جپسی نایترۆجینی بەهۆی بەکارهێنانی گاز و شلەی نایترۆجین و بوونی دووکەڵێکی سارد، زیانێکی زۆری دەبێت بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، بە تایبەت منداڵان، بۆیە لەمەودا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت لە هیچ مارکێت یان ساردەمەنییەک بەکاری بهێنێت، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنی هەر شوێنێک دەگیرێتە بەر.”
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارە لە هاونیشتمانییان لە کاتی تێبینی کردنی ئەم گازە لە جپس و خواردنی منداڵان، هێڵە گەرمەکانی تیمەکانی چاودێری بازاڕ پەیوەندییان پێوە بکەن.