زاری كرمانجی-سۆران:
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری ڕێپێدانی زەوی سندووقیدا دەچێتەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێ: نرخی ڕێپێدان بۆ ١٠%ی نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکە کەم دەکرێتەوە.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران ڕاگەیاند: پێشتر حکوومەتی ھەرێم بۆ چارەکردنی کێشەی زەوی سندووقی بڕیارێکی دەرکردبوو بەپێی بڕیارەکە بۆ ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندۆقی ٣٠%ی نرخی زەوی لە ھاووڵاتی وەر دەگرت، بەڵام دواتر پێیدا چووینەوە و دەرکەوت ئەم نرخە لەو دۆخەی ئێستادا بۆ ھاووڵاتی بارگرانی دروست دەکات و پێویستی بە ھەموار کردنەوە ھەیە.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران گوتیشی: لە چەندین لاوە پێشنیارکرا نرخی ڕێگەپێدان کەم بکرێتەوە، پێشنیار بۆ لیژنەی پەیوەندیدار کرا بەو بڕیارەدا بچێتەوە کە پێش ماوەیەک دەرکراوە.
خەسرۆ ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: پێشنیارەکە بەرزکراوەتەوە بۆ لیژنەی پەیوەندیدار و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو بەشێوەیەک ھەموار بکرێتەوە ھەر ھاووڵاتییەک بیەوێ خانوو لەسەر زەوی سندووقی دروست بکات تەنیا ١٠%ی نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکەی بۆ ھەژمار بکرێت و بیداتە حکوومەت، ئەمەیش بۆ بەرژەوەندی ھاووڵاتییانە، تا بتوانن خانوو لەسەر زەوییەکانیان دروست بکەن، بڕیارەکە لەلایەن وەزیری ناوخۆ و شارەوانییەوە دەردەکرێت.