شەهلا رەشید – سۆران:
لە دیمانەیەكی زاری كرمانجیدا، د. رۆژین مەهدی پزیشكی گشتی باس لە هۆكارەكانی دەست لەرزین دەكات و دەڵێت:” لەرزینی دەستەكان بۆ چەند جۆرێك پۆلێن دەكرێن، كە ئەمەش جوڵەیەكی خۆنەویستە و دەكرێت تووشی هەموو تەمەنێك بێت، ئەوەش دەخاتەڕوو، زۆربەی جار ئەم حاڵەتە پێویستی بە بەدواداچوونی پزیشكی هەیە.
لە دسەتپێكی قسەكانیدا، د . رۆژین مەهدی، گووتی:” هۆكاری دەست لەرزین زۆرن، كە بەشێكییان لەوانەیە نەخۆشیی كۆئەندامی مێشك دەمار بن و بەشێكیشیان پەیوەندی بە لایەنی دەروونی و دڵەڕاوكێ هەبێت، بەشێوەیەكی گشتی هۆكارەكانی لەرزینی دەستەكان بریتین لەمان، نەخۆشیی پاكینسۆن، كە لەرزینی دەستەكان نیشانەیەكی سەرەكی ئەم نەخۆشییەیە و لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن نەخۆشییەكە زیاتر روودەدات، كاریگەریی بەشێك لە دەرمانەكان: هەندێ دەرمان هەن بەتایبەت ئەوانەی بۆ نەخۆشییە دەروونییەكان بەكاردێن وەك كاریگەریی لاوەكی دەبنە هۆی لەرزینی دەستەكان.، هەروەها دڵەڕاوكێ و گوشاری دەروونی: بەشێكی خەڵكی كاتێك لە گوشارێكی دەروونیدان یان دڵەڕاوكێیان هەیە بەشێوەیەكی كاتی تووشی لەرزینی دەستەكان دەبن.، كافاین و كحول: بەكارهێنانی رێژەیەكی زۆری كافاین و كحول، ئەویش هۆكارێكی لەرزینی دەستەكانە.، زیاد چالاكبوونی رژێنی دەرەقی: ئەوانەی گرفتی زیاددەردانی هۆڕۆمۆنەكانی رژێنی دەرەقییان هەیە زیاتر تووشی لەرزینی دەست دەبن.
ئەو پزیشكە، ئەوەش دەخاتەڕوو، دەست لەرزین لەكاتی پشوو، واتە كەسەكە بەبێ ئەوەی هیچ كارێك بە دەستەكانی بكات لەكاتێكدا دەستەكانی لەباری پشوودایە دەست لەرزینی هەیە ئەمەش زیاتر لەگەڵ نەخۆشی پاركینسۆن دەڕوات، لەرزینی دەستەكان لەكاتی كاركردن، ئەوانەی كاتێك كارێك بە دەستەكانیان دەكەن دەست لەرزینیان هەیە ئەمە هۆكارەكەی بە تەواوی ئاشكرا نییە بەڵام بۆماوە رووڵی هەیە، هەروەها جۆری دیكەش زۆرن بەڵام ئەمانە بەڕبڵاوترینن.
ئاشكراشی كرد:” ئەوانەی دەست لەرزینییان هەیە و بەدوای چارەسەر دەگەڕێن، پێویستە سەرەتا بزانین هۆكاری دەست لەرزینەكەی چییە ئینجا بەپێی هۆكارەكە دەتوانین چارەسەری بكەین، بەڵام كۆمەڵێك رێنمایی هەن كە سوودیان هەیە بۆ كەمكردنەوە یان كۆنترۆڵكردنی ئەم حاڵەتە، بەر لە هەموو شتێك پێویستە ئەوانەی دەست لەرزینییان هەیە رێژەییەكی كەمتر كافاین و ماددە كحولییەكان بخۆنەوە، گوشاری دەروونی و دڵەڕاوكێیان كەمبكەنەوە بە سوود وەرگرتن لە یۆگا و تەكنیكەكانی خاوبوونەوە و شەوانە خەویان رێك بێت، سوودوەرگرتن لە بەشێك وەرزشەكانی دەست واتە چارەسەری سروشتیش كاریگەرە بۆ بەهێزكردنی ماسولكەكانی دەست و كۆمەڵێك دەرمانیش هەن كە بەكاردێن بۆ كەمكردنەوەی ئەم حاڵەتە بەڵام ئەم دەرمانانە پزیشك بەگوێرەی هۆكارەكەی و توندی حاڵەتەكە دەیاننوسێت، بەشێوەیەكی گشتی دەست لەرزین دەكرێت تووشی هەموو تەمەنێك و هەردوو رەگەز ببێت هۆكارەكەشی دەكرێت شتێكی بێ زیان بێت و دەشكرێت دەرخەری نەخۆشییەك بێت، بەڵام هەركاتێك تووشبوو هەستی كرد ناتوانێت كارەكانی رۆژانەی ئەنجامبدات و دەست لەرزینەكە كاریگەریی كردووەتە سەر ژیانی، پێویستە سەردانی پزیشك بكات و لە رێگەی پشكنینە تاقیگەیی و تیشكییەكان هۆكارەكەی دەستنیشان بكات”.