مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
دوای ئەوەی لە گەشتێکی بەسەربردنی پشووی کۆتایی هەفتە لەگەڵ خێزانەکەی لە دەریاچەی فریمان ی ویلایەتی ئیندیانا دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لەسەر یەک چوار بوتڵ ئاو دەخواتەوە و گیان لە دەستدەدات .
ئاشلی سمرز ی تەمەن 35 ساڵ ی ئەمەریکی، بەهۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو گیانی لەدەستدا.
ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە ئاشلی بە هۆی زۆر خواردنەوەی ئاو لە ماوەیەکی کەمدا، تووشی (ژەهراویبوون بە ئاو) هاتووە کە پێی دەڵێن (کەمیی سۆدیۆم لە خوێندا) و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستداوە.
دەیلی مەیل لە درێژەی هەواڵەکەدا نووسیویەتی : “سمرز دایکی دوو منداڵە، سەرگەرمی بەسەربردنی پشووی کۆتایی هەفتە بوو لەگەڵ خێزانەکەیدا لە دەریاچەی فریمان-ی ویلایەتی ئیندیانا، دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە 4 بوتڵ ئاوی (500 میلیلیتر)ی لە ماوەی تەنیا 20 خولەکدا خواردووەتەوە، دوای ئەوە لە هۆش خۆی دەچێت و بەر لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی تووشبوون بە گرێ لە مێشکیدا و دواتریش هەر ئەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی.”
سەرچاوە پزیشکییەکانی ناوچەکە هێما بۆ ئەوە دەکەن کە زۆر جار ژەهراویبوون بە ئاو ڕوو دەدات، کاتێک کەسێک بڕێکی زۆر ئاو دەخواتەوە، بە جۆرێک گورچیلەکانی ناتوانن بەخێرایی پێویست جەستە لە زیادەکەی ڕزگار بکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی سۆدیۆم لە خوێندا.