” ئەوانەی فێری زمانی دیكە دەبن، كراوەتر بیر دەكەنەوە”.
دیدار: غەفور عەبدوڵا
ئارام محمد عمر، مامۆستای زمان گەنجێكی لێهاتوو پر لە بەهرەی دانیشتووی خەلیفانە، ئەو لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی دا باس لە فێربوونی زمانی تر دەكات و دەڵێ:” زانینی زمانی دووەم كار دەكاتە سەر تێگەیشتن و تێڕوانینی مرۆڤ، لە چەند دەیەی دواییدا لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە زمان فراوانتربوون و تەنها لە چوارچێوەی بابەتی زماندا نەماونەتەوە، لە زانستی نوێدا باس لە زمان دەكرێت وەكو بابەتێك پەیوەندی بە بابەتە زانستییەكانی دیكەوە هەیە، وەك زمانناسی، سایكۆلۆژیای زمان، كۆمەڵناسیی زمان و چەندین بابەتی دیكە كە لە كاریگەریی زمان و فێربوونی زمان لە سەر هزر، دەروون و رەفتاری مرۆڤ دەكۆڵنەوە”.
ئارام باس لە هەر پێنج فەرهەنگی خۆی دەكات و دەڵێ:” خاوەن پێنج بەڕهەمی فێربوونی زمانی ئینگلیزیم
1ـ فەرهەنگی ئایلتس، نزیكەی چوار هەزار وشەی بنچینەی لەخۆ دەگرێت كە زۆر بەكاردێن لە زمان و تاقیكردنەوەی ئایلتس.
2ـ كلیلی سەركەوتنەكانت لە تاقیكردنەوەی ئایلتس بزانە، هەر كەسێك دەرخی بكات لەو تاقیكردنەوەیە كیشەی نابێت چونكە تەكنیكەكانی ئەو تاقیكردنەوەیە فێر دەكات .
3ـ فەرهەنگی ئارام، سێ هەزار وشەی بنچینەی لەخۆدەگرێت هەر كەس دەرخی بكات ٩٠ ٪ زمانی ئینگلیزی تێدەگات.
4ـ فێربونی زمانی ئینگلیزی بە ئاسانترین شێوە بە بێ مامۆستا، لە ماوەی مانگێك ١٠٤ بابەتە هەر بابەتەو دە پرسیار و وەڵامە .
5ـ فەرهەنگی سەنرایزی قوتابخانە گشت وشەو زاراوەكانی كتابی ئینگلیزی قوتابخانە لەخۆدەگرێت، دوو بەشە بەشی یەكەم وشە و شێوازی خوێندنەوەو واتاكەی نوسراوە، بەشی دووەم وشەكەو قۆناغەكە دیاریكراوە، واتە قوتابیان لە هەر قۆناغێك بن دەتوانن تەنها وشەكانی ئەو قۆناغە بخوینێت و تەواو ئاسانكاری كراوە.”
مامۆستا ئارام بە چەند خاڵێك باس لە گرنگی فێربوونی زمانی دووەم دەكات و دەڵێ:”زاناكان لە سەر ئەوە كۆكن فێربوونی زمانی دووەم، كار دەكاتە سەر تێگەیشتن و تێڕوانینی مرۆڤ و گۆڕانكاریی لە هزری مرۆڤەكاندا دێنێتە ئاراوە، كاریگەرییەكانی فێربوونی زمانی دووەم لە سەر مرۆڤ ئەرێنین و لە گرنگترین ئەو كاریگەرییانەش دەتوانرێت ئاماژە بە چەند خاڵێك بكرێت لەوانە:
یەكەم: فێربوونی زمان دەبێتە هۆی كرانەوەی بیر: واتە ئەوانەی فێری زمانی دیكە دەبن جگە لە زمانی دایك، كراوەتر بیردەكەنەوە. هاوكات رێخۆشكەرە بۆ باشتربوونی كوالێتیی ژیانییان. ئەم كەسانە ئاسانتر لەوانی دیكە بیرۆكە نوێكان وەردەگرن و پەسندیان دەكەن. ژمارەیەك لە توێژەرانی زانكۆی سیدنی ئوسترالیا لە توێژینەوەیەك بەو ئەنجامە گەیشتوون ئەوانەی زمانی دووەم دەزانن “باشتر دەتوانن لەگەڵ بۆچوونە جیاوازەكاندا هەڵبكەن و رێز لە ئازادیی ئەوانی دیكە بگرن”.
دووەم: فێربوونی زمانی نوێ دەبێتە هۆی پێشكەوتنی هۆشیاریی كلتووری: بەگوێرەی توێژینەوەیەكی هاوبەشی زانایانی زانكۆی بازرگانی لەندەن و زانكۆی بازرگانی نانیانگی سەنگافورە، زمانی دووەم هۆشیاریی كلتووریی كەسەكە دەباتە پێش و بە هۆیەوە ئاسانتر هێما و ئاماژە كلتوورییەكان درك دەكات، ویستی بۆ تێكەڵاویی زیاتر دەبێت و شارەزایانەتر لەگەڵ كلتوورە جیاوازەكاندا رەفتار دەكات.
سێیەم: فێربوونی زمان كاركردنی مێشك چالاكتر دەكات: زانایانی زانكۆی ئێدنبرەی سكۆتلەندا دەڵێن، مێشكی ئەو كەسانەی زیاتر لە زمانێك دەزانن درەنگتر پیر دەبن، ئەوەش لەبەرئەوەی مێشكیان چالاكترە و بەكاربردنی دوو زمان وادەكات هەموو دەمار و شوێنە جیاوازەكانی مێشكیان لە جووڵەدا بێت و ئەوەش بەهێزی و چالاكیی زیاتری مێشك بە دوای خۆیدا دێنێت و نەخۆشییەكانی وەك لە بیرچوونەوە دوادەخات.
چوارەم: فێربوونی زمانی نوێ داهێنەریی لە كەسەكاندا زیاتر دەكات: زانینی زیاتر لە زمانێك دەبێتە هۆی ئەوەی كەسەكە زیاد لە جۆرێك بیركردنەوەی هەبێت و ئەوەش گرنگترین تایبەتمەندیی كەسانی داهێنەرە. بەگوێرەی توێژینەوەیەكی زانكۆی ئەمریكی لە شارقە فێربوونی زیاد لە زمانێك توانای داهێنەری لە كەسەكاندا زیاتر دەكات و هاندەرێكی باشە بۆ ئەوەی بیركردنەوەی داهێنەرانە گەشە بكات.
پێنجەم: فێربوونی زمانی دووەم رێگای فێربوونی زمانی سێیەم و چوارەم خۆش دەكات: لە دیدی زانایان، فێربوونی زمانی دووەم لە رۆژگاری ئەمڕۆدا پێویستییەكی گرنگە و یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ ئاسانكردنی پەیوەندییەكانی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیدا. زاناكان لەو باوەڕەدان فێربوونی زمانی دووەم لەوانەیە كارێكی ئاسان نەبێت، بەڵام وادەكات فێربوونی زمانی سێیەم و چوارەم ئاسانتر بێت، چونكە مێشكی كەسەكە بۆ وەرگرتنی زمانی دیكە كراوەتر دەكات و بە هۆیەوە ئاسانتر لە زمانی دووەم فێری زمانی سێیەم دەبێت.
ئەو مامۆستایە لەبارەی متمانە بەخۆبوون و ئارامی دەروونی ئاماژەی بەوەدا:” متمانە بەخۆبوونیش یەكێك لەتایبەتمەندیە دەروونی و كەسایەتیەكانی مرۆڤی سەركەوتوو، لە هەر كات و ساتێك و لەهەركارێكدا مرۆڤ متمانەی بەخۆی هەبێت بێگومان سەركەوتن بەدەست دەهێنێت.
متمانە بەخۆبوونیش : بریتیە لە حاڵەتێكی هەستیاری دەروونی رەنگ دەداتەوە لە گوفتارو هەڵسوكەوتی رۆژانەی هەموو تاكێكدا، و بریتییە لە كۆمەڵێك بیروڕا لای تاك گەیشتووەتە پلەی توانەوەی لە ناخداو (متمانە)ی لێ پێكهاتووە كەسەكە بەزمان دەری دەبڕێت و لەدڵدا دەچەسپێت و لاشە بەكردار نیشانی دەرەوەی دەدات.
زیاتر گووتی:” متمانە بەخۆبوون لەناخدا دروست دەكرێت و گەشەی پێدەكرێت و زیاد دەكرێت واتە متمانە بەخۆبوون سەرەتا حاڵەتێكی دەروونییە و دواتر لەسەر بنەمایەكی دەروندروستی كەسایەتی بەهێز و متمانە بەخۆبوون بەرهەم دێت، ئەو مرۆڤانەی باوەڕیان بەخۆیان هەیە ئەگەر لەكارێكدا سەركەوتوونەبن خێرا متمانە بەخۆیان دەكەنەوە و سەركەوتن بەدی دێنن و بەردەوام لەهەوڵدانن بۆ سەركوتن، تەنانەت ئەدیسۆن هەزار جار هەوڵی دا تا روناكی دروست بكات بەڵام سەرنەكەوت، لێیان پرسی هەزارجار هەوڵتدا شكستت هێنا، ووتی” من هەزار جار هەوڵم داوە، دواجار متمانەی بەخۆی هەبوو تاگەیشتە دروستكردنی رووناكی و سەركەوت. ئەگەر ئاوڕێك لەمێژوو بدەینەوە دەبینین زۆربەی ئەو كەسانەی بوون بە زانا و داهێنەر یان سەركردەو رابەر ئەوانە بوون متمانەیان بە خۆیان و كەسایەتی و هەوڵدانەكانی خۆیان بووە تادواجار گەیشتن بە ئامانجەكاتی خۆیان.
كەواتە ئەوانەی متمانەیان بەخۆیان هەیە تەنیا سوودیان بۆ خۆیان نییە، بەڵكو سوود بەتەواوی مرۆڤایەتی دەگەیەنن بەهۆی بەرهەم و داهێنان و سەركەوتنەكانیان كەبەرهەمی متمانە بەخۆبوون بووە.كەواتە متمانە بەخۆبوون نیشانە و كلیلێ سەركەوتنە،لەدونیای ئەمڕۆدا چەندین كەسایەتی بەهێز دەركەوتوون كار لەسەر بەهێزكردنی متمانەبەخۆبوون دەكەن و چەمكی متمانەبەخۆبوون لە زانستەكانی دەروونناسی و كۆمەڵناسیدا پانتاییەكی فراوانی داگیركردووە.