نووسینی: سعدالدین سلیمان
مامۆستای ڕاهێنەر ئەوکەسەیە کە خولی ڕاهێنانی (دیداکتیک) وانە وتنەوەی بینیوە لە ژێر ڕۆشنایی و ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەدا بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، هەروەها ئامادەیی ئەوهی تێدا هەیە لە ئایندەدا لە چوارچێوەی ستراتیژی ئاماژە پێکراو ڕاهێنان لەسەر ئەو تەوەرانە ببینێ کە پەیوەندیان بە پڕۆسەی خوێندن و وانە وتنەوەی دیکەشدا هەیە. بە ئامانجی ئەوەی نوێ بوونەوە لە سیستمی خوێندن بێنێتە ئارا، لەسەر بنهمای چەندین مۆدێل و میتۆدی وانە وتنەوەی هاوچەرخ، لە پێناو ئاشنا کردن و توانادار کردنی مامۆستایان لە بواری وانە وتنەوەدا.
ئاشکرایە سیستمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆش نەچۆتە چوارچێوەی پەیڕەوکردنی شێوازێکی هاوچەرخ کە هاوتهریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنی هەنگاوە کردەییەکان، بەڵکو قوتابیان و خوێندکاران هێشتا لە بازنەی مامۆستا سێنتەری چەقبەستوودا دەخولێنەوه. دیارە ئەمەش مۆدێلێکی سواوەو لەگەڵ بەرەو پێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن یهكانگیرنییه بەڵکو پێویستیەتی بەرەو بە سێنتەر کردنی قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندن هەنگاو بنێ.
ڕەنگە جێبەجێکردنی هەر پڕۆسەیەک لە دەستپێکدا کاتێکی گونجاوی گەرەک بێ و دەرەنجامی چاوەڕوانکراوی تا ڕاددەیک خاوبێـت، بەڵام لە ئایندەیهكی نزیکدا دەرەنجامە ئەرێنییەکانی دهردهكهون و دەبنە هەنگاوی دڵخۆشکەر. هەرچەندە هەرێمی کوردستان بە درێژایی دەیەی ڕابردوو تا ئەمڕۆش بەدواوە کەوتۆتە بەردەم چهند ئالنگارییهكی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، کاریگەری نەرێنی ئەم ئالینگاریانە تەواوی سیکتەرەکانی ژیانی تەنیوە، بەڵام ئیرادەی بەهێز و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی لە توانایدا هەیە بەربەست و بەستەڵەکی ئالنگارییەکان بتوێنێتەوە.
شیاوی ئاماژە پێکردنە لەژێر ڕۆشنایی و ڕاسپاردەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران- بەڕێوەبەرایەتی مەشق و ڕاهێنان، لە پشووی هاوینەی ئەم ساڵ توانیویهتی دوو خولی ڕاهێنەری دیداکتیک بکاتهوه بۆ ئامادەسازی مامۆستایانی ڕاهێنەر کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣ – ٢٠٢٤) چاڵاکیەکانیان لە ناوەندەکانی خوێندن دەستپێبکەن، پڕۆسەکەش خۆی لە ڕاهێنانی مامۆستایانی قوتابخانە و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن دەنوێنێ، لەم نزیکانەش دووەم خول بە کۆتا دێت و مامۆستایانی ڕاهێنەر لە هەر چوار پەروەردەی سۆران، مێرگەسۆر، ڕواندز و چۆمان دابەشی سەر قوتابخانەکان دەبن و دەست بە چاڵاکیە ڕاهێنانە پەروەردەییەکانیان دەکەن.
ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئەو مامۆستایانەی بەشدارن لە خولی ڕاهێنەری دیداکتیک بە حەزو ئارەزووی زۆرەوە ڕوو لە هۆڵی ڕاهێنان دەکەن، تامەزرۆی ئەوەن لە سەرەتای ساڵی خوێندن ڕۆڵی راهێنەری لە ناوەندەکانی خوێندن بگێڕن، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی زوودا کاریگەری ئـەرێنی لە پڕۆسەی خوێندندا بهێننە دی، کە خۆی لە چاڵاککردن و توانادار کردنی قوتابیان و خوێنکاران دەبینێتەوە لە ڕووی ئاستی زانستی و توانای مەعریفی.