موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
لە قەزای سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوندنشینان بەشداری خولێكی فریاگوزاری سەرەتاییان پێ كرا و چۆنیەتی چارەسەر و تیماركردن لە حاڵەتە نەخوازراوەكان بۆ خرایەڕوو.
كاروان فەیسەڵ، بەڕێوەبەری كارگێڕی بنكەی تەندروستی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لەلایەن رێكخراوی “پزیشكی بێسنوور” خوولێكی فریاگوزاری سەرەتایی لە هۆڵی وەرزش و لاوانی سیدەكان، بۆ 20 كەس كراوەتەوە، هەوڵدراوە هەر گوندێكی قەزای سیدەكان كەسێك بەشداری پێبكرێت.
بەڕێوەبەری كارگێڕی بنكەی تەندروستی سیدەكان، دەڵێت:” خوولەكە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامی هەبوو، بەشێوەی ” تیۆری و پڕاكتیكی ” بەشداربووان ئاشنای چۆنیەتی چارەسەری سەرەتایی کران، لە قۆناغی دووەمدا 30 گوندنشینی دیكە بەشداری ئەو خوولەیان پێ دەكرێت و زانیاری تەواویان پێ دەدرێت.
گووتیشی:” ئامانجی ئەو رێكخراوە بە گشتی رزگار كردنی گیانی هاووڵاتییانە، بە تایبەت لە رووداوەكانی وەک مین و تەقەمەنی، بۆردومان و تۆپبارانەكان، بە شێوەیەك چارەسەری سەرەتایی ئەو كەسانەی كە بەهەر هۆكارێك بێت زیانی گیانیان پێدەگات بەر لەوەی بگەیندرێنە نەخۆشخانە”.