زاری كرمانجی- سۆران
پزیشكێك ئاشكرای دەكات هەندێ جۆری نهخۆشی شەكرە دەگەڕێنەوە باری ئاسایی و تووشبووەكە پێویستی بە خواردنی دەرمان نامێنێت.
د. داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و شەكرە، دەڵێت” هەندێ جۆری شەكرە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و نەخۆشەكە چیتر پێویستی بە دەرمانی شەكرە نابێت لەوانەش:
-شەكرەی جۆری 2 ئەگەر تووشبووەكە پارێزیەكی باش و وەرزش بكات، هەر لە سەرەتاشەوە داودەرمانی باش بەكاربهێنێت پێش ئەوەی تووشی ماكەكانی شەكرە ببێت لەوانەیە دوای ماوەیەك بتوانێ واز لە دەرمانی شەكرە بێنێت و تەنها لەسەر پارێزی بەردەوام بێت.
- ئافرەتانی سكپڕ ئەگەر لەكاتی دووگیانی شەكرەكەیان كۆنتڕۆڵ بكەن لەوانەیە دوای سكپڕیەكەیان بتوانن واز لە خواردنی دەرمانەكان بێنن.
-ئەو كەسانەی دوای نەخۆشی كۆڕۆنا تووشی شەكرە بوونە پاش ماوەیەك ئەگەری زۆرە بتوانن واز لە دەرمانەكانی شەكرە بێنن.
-ئەو نەخۆشانەی بەهۆی هەندێ حەب و دەرزی تووشی شەكرە دەبن وەكو دەرمانەكانی رەبۆ، رۆماتێزم و هەوكردن، دوای وەستاندنی دەرمانەكان لەوانەیە شەكرەكەیان ئاسایی بێتەوە و چیتر پێویستیان بە دەرمانی شەكرە نەبێت.
-ئەوانەی زۆر قەڵەون و نەشتەرگەری دەكەن بۆ خۆ لاواز كردن، لەوانەیە بتوانن دوای نەشتەرگەرییەكە دەرمانەكان بەكار نەهێنن.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” شەكرەی جۆری یەك بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی خانەكانی لانگەرهانس، پەنكریاس و نەشتەرگەری چاندنی خانە بنەڕەتیەكان ئاستی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین لە لەشیان ئاسایی دەبێتەوە و لەوانەیە بتوانن واز لە دەرزی ئەنسۆلین بێنن، شایەنی باسیشە لە هەموو ئەو حاڵەتانەی باسمان كردن كە شەكرە ئاسایی دەبێتەوە و نەخۆشەكە دەتوانێ واز لە خواردنی دەرمانی شەكرە بێنێت پێویستە بەردەوام بێت لە پارێزكردن، وەرزشكردن و پشكنینی شەكرە سێ بۆ شەش مانگ جارێك چونكە لەوانەیە لە هەر كاتێك بێت بگەڕێتەوە.