ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/8/2023 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، کاتژمێر ( ٣٠؛٩ ) بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە (٢٠٢٣/٨/٣) بڕی ( ٥٩٨ ) ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کرا و ڕەوانەی بانکەکان کرا بە مەبەستی دابەشکردنی مووچە.
ئاماژە بەوەش دراوە: هەر ئەمڕۆش دابەشکردنی مووچە بەوەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و خشتەی سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕادەگەیەنرێت و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە.
باس لەوەش کراوە کە هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ڕوونیش کراوەتەوە کە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عێراق بە هیچ جۆرێک پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لە ١ ترلیۆن ٣٨٤ ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە.
دەشڵێت: بەپێی ئینفاقی فیعلیش کە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێکڕای خەرجی مانگانە کاری پێدەکات پێویست بوو ١ ترلیۆن و ١٧٤ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە.