زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك، چەند زانیارییەك دەخاتەڕوو، لەبارەی ئەو رەنگانەی كە لەنێو دوندرمە و شەرەبەتەكان دەكرێن، دەشڵێت ئەم رەنگانە زیانبەخشن تایبەت بۆ منداڵان كە وا دەكات زۆر هاروهاج و نائاسایی بن.
د. هۆلیم هاشم، پزیشكی راوێژكاری خۆراكی و رجێم، بە زاری كرمانجی راگەیاند” تێكەڵكردنی ئەو رەنگانە لەگەڵ دۆندرمە و شەربەتەكان زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، یەكێك لەو زیانانەش كە لە هەموو توێژینەوەكان پشتڕاست كراوەتەوە ئەوەیە كە مۆتابۆلیزمی لەش واتە كرداری هەرس ناتوانێت ئەم رەنگانە بناسێتەوە، لە جیاتی ئەوەی خانەكان بیانمژن لەسەریان دەنیشێت و كەڵەكە دەبن، هەروەها ئەو منداڵانەی لە تەمەنی 5 ساڵی تا پێش ساڵی دەستبە خواردنیان دەكەن تووشی هەندێ جولە دەبن كە نائاسایین واتە دەتوانین بڵێن وەك منداڵێكی تووشبووی ئۆتیزم لێدێت، هەندێ رەنگیش هەن وا لە كەسەكە دەكەن بەردەوام شەڕانگیز و توڕە بێت، ئەمە جگە لە خواردنی دۆندرمە تەنانەت ئەو منداڵانەی كە وزەبەخشەكانیش دەخۆنەوە ئەوانەش بەهۆی بوونی رێژەی زۆر لە كافاین، رەنگەكان، سۆدیوم و پۆتاسیۆمەوە هەمان ئەو زیانانەی هەیە تایبەت بۆ گەدە، ریخولە و گورچیلە.
هەروەها،گووتیشی:” ئەو پێكهاتانەی لەنێو دۆندرمە هەیە زیانێكی زۆریان هەیە لەبەر ئەوەی بەڕێژەیەكی زۆر شەكر، نیشاستە، رەنگەكان، شیری وشك تەنانەت شیری سروشتیش كە پڕ چەور بێت، كالۆری زۆرە ئەگەر لە یەك دانەی دۆندرمە 760 كالۆری هەبێت لە كاتی خواردنی هەر دانەیەك پێویستما بە نیو كاتژمێر هاتووچۆ هەیە بەپێ بۆ ئەوەی ئەم وزەیە خەرج بكەین، ئەوانەی كە زۆر ئایسكرێم دەخۆن جگە لەوەش خواردنی رۆژانە و خواردنەوە وزەبەخشەكانیشی لەگەڵ بیت كەواتە زیاتر پێویستی بە هاتووچۆ هەیە، هەروەها خواردنی ئایسكرێم تاكە هۆكارە بۆ قەڵەوبوونی ئەو كەسانەی كە زۆر دەخۆن تایبەت لە نێوان ژەمەكان و شەوانە، كەواتە بۆ ئەوانەی كە زۆر ئارەزووی خواردنی دەكەن وا باشترە خۆیان لە ماڵەوە بەشێوەیەكی سروشتی دروستی بكەن بێ ئەوەی شەكرەی تێبكەن و دەتوانن وانێلای سروشتی لەگەڵیدا بەكار بهێنن”.