زاری كرمانجی- سۆران:
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، ئاماری مانگی رابردووی منداڵانی لەدایكبوون ئاشكرا كرد، هەروەها باس لەو منداڵانەش دەكات ە بە شێوەی ناكام لە دایك بوونە .
د. رێباز ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” تەنها لە مانگی رابردوو 440 منداڵ لە ئیدارەی سۆران لەدایكبوونە، لەوانەش 232 منداڵی كوڕ و 208 منداڵی كچ بوونە، هەروەها 200 نەشتەرگەری جۆراوجۆریش ئەنجامدراون و 9750 نەخۆشیش سەردانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆرانیان كردووە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، دەڵێت:” لەدایكبوونی منداڵی ناكام لە سۆران زۆر نییە، ئەم حاڵەتانەش زیاتر بەهۆی لەدایكبوونی پێشوەختە روودەدات، واتە خوار ماوەی تەواوی دووگیانی، بەڵام ئێستا نەشتەرگەری زۆر كەمبووە لەبەر ئەوەی لیژنەمان هەیە و لە هەر حاڵەتێكدا بێت تەنها لیژنە بڕیار دەدات ئایا نەشتەرگەری بۆ دایكەكە بكرێت یاخود نا.
هەر لەمبارەشەوە، د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و چارەسەری منداڵان، بە زاری كرمانجی گووت:” لەدایكبوونی ناوەختە واتە ئەو منداڵانەی پێش 37 هەفتە لەدایك دەبن، كە پێیان دەگووترێت منداڵی ناكام، چەندین هۆكاری هەیە لەوانە ئەگەر كۆرپەكە دووانە یان سییانە بن، رێڕەوی زێی دایكەكە كورت بێ، یاخود لە وێڵاشی گرفتی هەبێ، هەروەها بەكارهێنانی جگەرە و دەرمانی سڕكەر ئەمەش وا دەكات منداڵەكە زووتر لەدایك ببێت.
ئاشكراشی كرد:” جگە لەوانەی كە باسمان كردن زۆر هۆكاری دیكە هەن بۆ لەدایكبوونی منداڵ پێش وادەی خۆی، بۆ نموونە هەوكردنی ئاوی دەوری منداڵ، رێڕەوی میزڵدان و گورچیلە، هەروەها چەندین نەخۆشی دیكەش هەن دەبنە هۆكار، وەك بەرزە فشاری خوێن، شەكرە، پەستانی دەروونی، بیستنی هەواڵی ناخۆش و خوێنبەربوون لە بەشی خوارەوە، یاخود ماوەی نزیكی نێوان دوو منداڵ بۆ نموونە 18 مانگ، پێویستە ماوەی نێوانیان لە 60 مانگ كەمتر نەبێ، یان ئەو منداڵانەی كە گرفتیان هەیە، هەموو ئەوانەی كە ئاماژەمان پێكردن هۆكارن بۆ لەدایكبوونی منداڵی پێشوەختە”.