شەهلا سۆفی- سۆران:
رۆژ بە رۆژ رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان لە هەڵكشاندایە، بەرپرسێكی توند و تیژی ئافرەتانیش هۆكارەكان بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو.
نازەنین عەزیز پارێزەر و بەرپرسی ئەنجومەنی سۆرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، بە زاری كرمانجی گووت:” میدیا و سۆشیاڵ میدیایی كوردی رۆڵێكی زۆر خراپی هەیە لە زۆربونی ڕێژەی تەلاق، ئەمە بە هۆكارێكی سەرەكی دەزانم لە جیابوونەوەی هاوسەراندا، میدیای كوردی كەوتۆتە ژێر كاریگەری دراما توركیەكان و خەلكیش بینەرێكی هەمیشەیی دراماكانن.
زیاتر گووتی:” لە ئەخلاقیەتی فلیمی توركیدا هیچ پیاوێك نییە جگە لە لەژنەكەی پەیوەندی نەبێت لەگەڵ ئافرەتێكی دیكەدا، بۆیە ئافرەت لێرە پێی وایە، هەموو پیاوێك هەر وایە، یاخود هەمیشە ئەوەی لە پیاوەكەی دەوێت پاڵەوانی ناو دراماكان بێت، بەمەش بەتەواوی دەكەوێتە ژێر كۆنترۆلی میدیا سەقەتەكانەوە.”
لای خۆیەوە، شێروان خالید، گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوە و توند و تیژی ئافرەتان و خێزانی سۆران، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بەداخەوە ئامارەكانی لێك جیابوونەوەی هاوسەران ڕۆژانە زیاد دەبێت، بەشێك لەوانەی لێك جیا دەبنەوە بە ڕێكەوتنی هەردوولا دەبێت، بەڵام ئەوەی لای ئێمە تۆمار دەكرێت ئەوانەن كە سكاڵایان تۆمار كردووە.
گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوە و توند و تیژی ئافرەتان و خێزانی سۆران، دەڵێت:” زۆر هۆكار هەن دەبنە هۆی جیابوونەوەی ژن و مێرد، بەتایبەت:” لێك تێنەگەیشتن لەنێوان هەردوولا، كاریگەری دراما بیانییەكان، خیانەت كردن لەلایەن هەردوولا، خراپی باری دارایی”.