زاری كرمانجی- سۆران:
گۆڤاری زانستی نەیچەر، ئەنجامی تاقیكردنەوەی زاناكانی پەیمانگەی پزیشكی هاری پێركنز، لە رۆژئاوای ئوسترالیا بڵاوكردۆتەوە كە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، پێكهاتەیەك لەناو هەنگویندا هەیە دەتوانێت لەماوەی 60 خولەكەدا خانەكانی شێرپەنجەی مەمك لەناوببات.
لە گۆڤارەكەدا زانا ئوسترالییەكان باسییان لەوەكردووە” هەنگوینی زیاتر لە 300 هەنگ و شەهەنگیان لە دژی دوو جۆر شێرپەنجەی مەمك تاقیكردەوە ئەوانیش بریتین لە سیانەی نێگەتیڤ و وەرگری فاكتەری گەشەی سەر پێستی مرۆڤ2 (HER2)، لەئەنجامدا دەركەوتووە پێكهاتەیەكی ناو هەنگوین كە پێی دەگووترێت (میلیتین) لەماوەی كاتژمێرێكدا دەتوانێت خانەكانی شێرپەنجەی مەمك لەناوبەرێت، بێ ئەوەی هیچ زیانێكیش بۆ خانە ساغەكان هەبێت”.
توێژەران زیاتر روونیان كردۆتەوە ” ئەم پێكهاتەیە توانای ئەوەی هەیە خانە شێرپەنجەییەكان بكاتە ئامانج، كاتێك لەگەڵ دەرمانی چارەسەری كیمیاییدا بەكار دەهێنرێت، میلیتین یارمەتی دروستبوونی كونیلەكانی پەردەی خانە شێرپەنجەییەكان دەدات، كە رەنگە رێگە بدات چارەسەرەكان باشتر بچنە ناو خانە شێرپەنجەییەكانەوە”.
هاوكات لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامەكانی ئەم تاقیكردنەوەیەدا، توێژەران و پزیشكانی بواری شێرپەنجەی مەمك ئاماژە بەوەش دەدەن” هەر چەندە ئەم دۆزینەوە سەرنجڕاكێشە، بەڵام پێویستە لێكۆڵینەوەی زیاتری لەبارەوە بكرێت پێش ئەوەی وەك چارەسەرێكی بەردەوام بەكار بهێنرێت.