زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا لە دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان یاداشتێکی نوێیان ئیمزاکرد.
لیوا بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند: ” یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا کرا، کە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە ئەو رێککەوتنە و یاداشتە ھەیە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا، دوێنێ جارێکی دیکە یاداشتەکە نوێکرایەوە، جیاوازی واژۆی یاداشتی دوێنێ لە گەڵ ساڵانی رابردوو ئەوەیە پێشتر تەنیا بۆ یەک ساڵ بووە، بەڵام ئەوەی دوێنێ بۆ ماوەیەکی زیاترە، ئەو لێکتێگەیشتنەی ھەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بە ئاگاداری عێراقە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەوەی لە سەر ئەمەریکایە ھەموو ھاوکاریەک پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگە دەکات”.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: “بەرپرسیاریەتی وەزارەتی پێشمەرگەش ئەوەیە بۆ لەناوبردنی داعش ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەبێت بۆ لەناوبردنی داعش، ھەروەھا وەزارەتی پێشمەرگە پابەندی ئەوە دەکات کۆمەڵێک چاکسازی ئەنجامبدات، لە بوارەکانی مەشق و یەکەی ژمێریاری و یاسایی، ھەردوولا ھاوڕان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش”.