وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بڵاویكردەوە ” ئەمڕۆ سێشەممە شانشینی یەكگرتو بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە كە داعش لە ساڵی 2014 كۆمەڵكوژی لە دژی ئێزیدییەكان ئەنجامداوە”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە ” حكومەتی بریتانیا ئەو كردەوانەی كە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ساڵی 2014 لە عێراق دژی ئێزیدییەكان ئەنجامیاندا، بە (جینۆساید) زانی”.
لە ماوەی ڕابردودا حكومەتی بریتانیا سەركۆنەی ئەو كارە دڕندەییانەی داعشی كرد كە دژی ئێزیدییەكان ئەنجامی داوە، بەڵام ئەو سەركۆنەكردنە نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی ئەو تاوانانە بە جینۆساید بناسێندرێت.
لە ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتدا ئاماژەی بەوەشكردوە ” شانشینی یەكگرتو بە فەرمی دان بە پێنج حاڵەتی جینۆسایددا دەنێت، ئەوانیش هۆلۆكۆست، ڕواندا، سرێبرینیكا، جینۆساید لە كەمبۆدیا و كۆمەڵكوژی دژی گەلی ئێزیدی”.
بەپێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی هەرێمی كوردستان، كاتێك داعش هێرشی كردە سەر مۆڵگەكەیان لە پارێزگای نەینەوا، زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی ڕفێندراون، تا ئێستاش زیاتر لە دو هەزار كەس بێسەروشوێنن.
بەگوێرەی ئەو نوسینگەیە، لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكەی داعشەوە، زیاتر لە 120 هەزار ئێزیدی عێراقیان جێهێشتوە و دەیان هەزار لەوانەی كە لە ناوچەكەدا ماونەتەوە، لە كەمپەكاندا دەژین.