گەشتیار مەحمود – کەنەدا
زۆرجار دیمەنی کەنارو دەنگ و هاژەی شەپۆڵی ناخی دەریا ئەو هەستانەم بیردەخاتەوە کە لە ناخی مرۆڤدا هەن؛ تەمەنێک و زەمەنێکە بوون بەچیرۆک و بەسەرهاتێکی تراژیدی، کەنەهیچ ووشەیەک ئەیانخاتەگۆ و نەهیچ زمانێک ئەیانکاتە ووتە و نەهیچ پێنوسێک ئەیانخاتە ڕستەو ئەیاننوسێتەوە؛ تۆبڵێی دیمەنی تراژیدیای ئەنفال و کاریگەری شاڵاوی مەرگەساتی نەتەوەیەک چەندە زامێکی قوڵ و دژواربێت کەهەزاران خەونی لەگۆڕنراو هیوای هەزاران ئازادیخوازی زیندانی کراو هاواری هەزاران دایکی جەرگبڕاوە بەزیندوویی بوون بەسیمای هەزاران گلکۆی گۆرستانێکی بێ ناونیشان!
لەیەکێک لەسەربردەکانی ئەم تراژیدیایە ئەوەیە، خۆم گوێبیستی بووم دەگێرنەوە؛ لەجێگای پاشماوەی بەجێماوی چەند بەڕووێک لەگیرفانی ئەنفالکراوێکدا داربەڕووێک لەبیابانی جنوبی ئیراقدا ڕوواوە و بووە بە درەختێک، دەبێ لق و قەدی ئەم دارەبەڕووە لەسەردڵی کراسی چ زیندەبەچاڵکراوێکەوە سەری بڵندی بەرەودەرگای ئاسمانی پەروەردگارەوە دەرهێنابێت ولە گەڵ ڕەگ و ڕیشەی ئاوێتەی دەماری دڵی چ بێ تاوانێکەوە تێکئاڵاوبێت ! دەبێ دیمەنی ئەم درەختە لەم بیابانە مرۆڤکوژە ناونیشانی چ تاوانێکی بەدکرداربێت، دەبێ ناونیشانی پەیامی ئەم چیرۆکە لە دووتوێی کام پەرتووک و نامەی نمایشی دەستی چ سینەماکارێک وونکرابێت، دەبێ گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە زمانی چ دیپلۆماتکارێکی لەگۆخستبێت کەهێشتا هێندە بێرەحمانە چەرخی فەلەک بەدەوری سال و زەمەنی کاتی روداوەکە دەسوڕێنەوە بەڵام هێشتا هاواری دوعای بەرۆکی هەزارن دایکە شەهیدی بێناونیشان بەرەودەرگای توڕووەبوونی ئیلاهی لەکڵپەی جەرگی ناخێکدا هەر لەسوتاندان..
بەداخەوە کورد دوای چەندین بەسەرهاتی هاوشێوەی تراژیدی و مەرگەساتی ناخ هەژێن لەم کاتەشدا هەر سوغرەکێشی عەجەم و تورک و عەرەبی ڕەگەزپەرستە بۆیە تا ئەمان بمێنن سوپای دوژمن چیتر لەودیو سنورنین ئەوان لێرەن لەناو ماڵ و گەڕەک و کۆلان و شارو شارۆچکە و بەناو دڕامای تیڤی ناوخۆیی و خوێنی میللەتدا دەسوڕێنەوە. ئەوان ئەگەرچی جاران پێویستیان بەڕێگایەکی دوور هەبووە تاسنوری حەرەمی شورای شێخ و بەگ و ئاغاکانی بابان و گەرمیان وسۆران و بادینانەوە تێکبشکێنن، بۆفراوانکردنی سنوری فەرمانڕەوای جاشایەتی و داردەست و بەکرێگیراوی دوژمن هەمیشە بۆ مانەوەو بەهێزکردنی خۆیان لەئەشکەوت و بیابانێکی دورەدەستەوە پێویستیان بە شۆڤل و چەند مەترە چاڵێک هەبووە.
بەڵام ئێستا بە تەکنەلۆژیای سەردەم پرۆسەی شاڵاوی ئەنفال لەڕێگای چاوساغی درۆنی تورکی و سیخوڕی موشەکی ئێرانی لەناو جەرگەی شارو گوندو لادێدا هەن ، بەجۆرێک وەها تێکەڵی شادەماری دڵ و ئاوێتەی خوێنی ڕۆڵەی کوردبوونە، تەنانەت لەناو خاک و ئاو هەوای نیشتیمانی خۆتدا لەسەرو ماڵت دڵدنیانەبی و لەترپەی دڵ نزیکترن دەتوانن لەچرکەساتێکدا لەکاتژمێری سفر بەیەک کلیک ترپەی دڵی دەیان دایک بوەستێنن و جەستەی دەیان ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە بەرچاوی سەدان کورددا بسوتێنن و ئازارێک بخەنە دڵی منداڵ و کەسوکاریان تائەبەد ساڕێژبوونی نەبێت و برینێک لەسەر جەستەی نیشتیمانێک واڵادەکەن کە قوربانی دەستی ژەمێک نانی نامەردی کوڕە کوردێکی خۆفرۆشبێت! بۆیە لەم سەردەمە و لەئاست ئەم تراژیدیایە باشتر لە دەنگ هەڵبڕین دەبێ بێ دەنگی هێمای ئازاری ئەدای زمانی چ دەربڕینێکی پڕسۆ بێت…