رۆشنا ئیبراهیم عوسمان
قوتابی قۆناغی چوارەمی بەشی مێژوو/ فاكەڵتی ئاداب زانكۆی سۆران
٤٠ ساڵ بەسەر ئەنفالكردنی 8000 بارزانی تێپەر دەبێت، دووبارە یادی خەمێكی گەورە و رۆژێكی رەشی میللەتی كوردە، لەم رۆژەدا كە 40 ساڵ بەسەردا تێپەریوە رژێمی بەعس لە پلانێكی نەخشە بۆكێشراو، دوور لە هەموو بەها مرۆڤی و ئەخلاقییەكان، گەمارۆی ئەو كۆمەڵگە زۆرەملێیانەیدا كە بارزانییەكان تیایدا نیشتەجێ بوون، شاڵاوی زیندەبەچاڵ كردن و، دەستگیركردن و، راگواستتنی ٨ هەزار بارزانی بۆ خوارووی عێراق بە دوو شاڵاو لە كۆمەڵگەكانی قوشتەپە، بەحركە، هەریر و دیانا ئەنجامدا. ئەنفالی بارزانییەكان بە راگواستن دەستی پێ كرد، لە شوێنی خۆیان بەرەو باشووری عێراق گواسترانەوە، دوای زیندەبەچاڵكردنی توخمی نێرینە، ئەركە سەختەكە ئافرەتان پێی هەڵسان، بەخێوكردنی منداڵەكان بەبێ باوك و، گرتنەئەستۆی ئەركی پاراستنی ماڵ و منداڵیان و، بەرگری كردن لە شەرف و ماڵیان و، بەرگەگرتنی ئاوارەی و هەژاری و نەبوونیەكانی ژیان، شایەنی ئاماژا پێدانە تاكە بەهانەیەك بۆ رژێمی درندەی بەعس بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە كورد بوون و، بارزانی بوون. لێرەدا بەروونی مەبەست و ئامانجی بەعسیەكان دەردەكەوێت كە بریتی بوو لە ونكردنی ناو و قركردنی كورد و چەسپاندنی سیاسەتی بەعەرەب كردن. شاڵاوەكانی ئەنفالی رژێمی بەعس جیا لەو كوشتارگەیەی خولقاندیان، كاریگەری خراپی لەسەر دەروونی هاووڵاتییان و، ژینگەی كوردستانیش بۆ چەندین ساڵ بەجێهێشت، سەرباری بوونی ئازاری بێكۆتای ئەنفال كراوان كەس و كاریان و دیارنەبوونی رۆڵەكانیان بە ئازارێكی گەورەتر دادەنێن و ئێستاشی لەگەڵ بێت چاویان لەرێگایە بۆ دۆزینەوەیان، تا ئێستا بە سێ قۆناغ ٦٩٦ ڕووفات هێنراونەتەوە و لە گۆڕستانی جینۆسایدكراوانی بارزان بە خاك سپێردراون، ڕووفاتی زیاتر 7 هەزار دیكە ماون كە بهێنرێنەوە.
بەهیوام لە هەموو یادە مەرگ ئاساكانی كوردستان، هەنگاوێك زیاتر لە سەربەخۆبوونی كوردستان نزیك ببینەوە. سەری رێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی شەهیدان دادەنوێنم…