موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
بەهۆی وشکە ساڵی و کەمی باران بارین چاندنی بەرهەمە هاوینییەکان لە شار و شارۆکەکانی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر کەمی کردووە، بەگووتەی بەرپرسی کشتووکاڵی سیدەکانیش، بەپێیچەوانەوە داچاندن و بەرهەمە هاوینییەکان لە سنوورەکەیان زیادی کردووە .
عەبدولڕەحمان مستەفا بەرپرسی هۆبەی کشتووکاڵی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنووری سیدەکان ڕووبەڕی حەوت هەزار دۆنم زەوی بەراو کراوەتە و خەیار و تەماتە و بەروبوومە هاوینییەکان، خۆشبەختانە لە ڕووی نەخۆشیشەوە بەر و بوومی جوتیارانی دەڤەرەکەمان ئەمساڵ باشە و بێ نەخۆشین.
بەرپرسی کشتووکاڵی سیدەکان، دەڵێت:” ساڵ بە ساڵ ڕێژەی کشتووکاڵ کردن لە سنوورەکەمان زیاد دەکات، ئەمساڵ کشتوکاڵکردن و گرنگیدان بەبەرهەمی هاوینە وەک تەماتە و خەیار زۆر زیادی کردووە و لەهەموو گوند و شوێنەکان هەڵساون بە داچاندن، زەویەکانیش لەجیاتی لات زیاتر کراون بە قەترە واتە بەشیوەی سۆندە و لوولە ئاوی بۆ دابین دەکرێت، ئەمەش کارئاسانی بۆ جوتیاران دروست کردووە و ڕێژەیەکی کەمتریش ئاوی بۆ کشتووکاڵ کردن پێویستە.
گووتیشی:” لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تەماتە و خەیاری سیدەکان و دەڤەری برادۆست، بەهۆی باشی خاکەکەی بۆ کشتووکاڵ کردن ناوبانگی خۆی دەرکردووە و لە گومرگ و شوێنی فرۆشتنەکاندا خەیار و تەماتەی ناوچەکە خواستی زۆری لەسەرە، نرخەکەشی باشە و هەر کیلۆیەک بە زیاتر لە 1000 دینار دەفرۆشرێت و ساغ دەکرێتەوە، ئەمەش سودی زۆری بۆ جوتیاران هەیە”.