مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
دوێنێ یەکشەممە 30ی تەممووزی 2023، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەوە و لە دوای کۆبوونەوەکە مەکتەبی سیاسی هەردوولا، ڕاگەێیندراوێکی هاوبەشی پێنج خاڵیان بڵاو کردەوە و جەختیان لە هاوهەڵوێستی لە چەند پرسێکی گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی کردەوە و دووپاتیان کردووە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پشتیوانیکردن لە کارنامەی حکومەت.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، بەم بۆنەوە ئەمڕۆ دووشەممە 31ی تەممووزی 2023، ڕاگەیاند پێشوازی لە ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی دەکەین، لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پشتیوانیکردنی یەکخستن و چاکسازیکردنی پێشمەرگە.
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە چاویان لەوەیە پارتی و یەکێتی لەپێناو بەرژەوەندی کوردستان کێشەکانیان چارەسەر بکەن: “چاومان لەوەیە بەرەوپێشچوون ببینین لە کاتێکدا کە هەردوولا لێک نزیک دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی دیکە دەکەن لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی عێراق.”